سەدهەزار واژۆ بۆ لاهای

هەواڵ / چاوی تۆ :: 19/11/2019‌ :: 179‌ جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

لە  سەرەتای نەوەدەكان، هەموو كات بەیاننامەیەكمان دەنووسی و ئاراستەی دادگای لاهای-مان دەكرد، بەبێ ئەوەی بگات یان ناوەكەی و ئەرك و مهامەكەی بزانین، بە كوردییەكی شەق و شڕیش، نەك بە ئینگلیزی، دەماننووسین، وەك ئەوەی دادگای لاهای لەسەر شانی هەموومان دوو مەلایكەتی هەبێت نامەكانی ئێمەی بۆ وەرگێڕێت و بۆیان ببات. ئیمەیل و فاكسیش نەبوو، ساڵی 1995 هەڵمەتێكمان دژ بە وەفیق سامەڕائی راگەیاند، وامدزانی بكرێتە ئینگلیزی ئیتر تەواو، زۆر مەراقیشم بوو یەكێتی نەتەوەیی فاكسێكم بۆ بكەن و هەواڵی یەكەم فێستیڤاڵی یادی ئەنفال-م بۆ بگەیەننە میدیا تیڤی، ئەمانە هەموو خەون بوو، هیچیشیم بۆ نەكرا. ئێستا بە سانایی دەگەمە دادگای لاهای، ئەو نامانەی ئەوكاتم لایش بێت نایاندەمێ چونكە دەزانم ئادرەسەكە هەڵەیە، ئەوەی سەرەتای نەوەدەكان من دەمویست هێشتا هەر دروست نەبوو بوو. شتێكی دیكە هەبوو ئەركی جیا بوو، 10 ساڵ  دوای ئەوە لە ساڵی 2002 دەستبەكاربوو، كە دەستبەكاریش بوو كاری بەسەر خەمە گەورەكانی من: هەڵەبجە و ئەنفال و بارزانی و فەیلی و قاڕنێ و قەڵاتان و سەردەشت و عامودا و دەرسیم-ەوە نەبوو.


هەواڵی دەستبەكاربوونی "لیژنەی دۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی جینۆسایدكردنی میلـلەتی كورد"م خوێندەوە كە دەیانەوێت100هەزار واژۆ كۆبكەنەوە بۆ دادگایی تاوانبارانی رۆژئاوا "بڕیارە دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، واژۆکان بە بەڵگەوە لە دژی سوپای توركیا وەک سكاڵایەكی یاسایی ئامادە و پێشكەش بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (لاهای) و هەموو دادگا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بكرێن تا تاوانباران دادگایی بكرێن، بۆئەوەی بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكان سزا بدرێن، هەروەها قەرەبووی مەعنەوی و ماددی قوربانییان بكرێتەوە، پاشانیش کۆپی هەر یەک لەو١٠٠هەزار واژۆیە پێشکەش بە سەرۆکی هەموو وڵاتانی دونیا دەکرێت".

بەڵام حەزەكەم سەنجەكانی خۆم لەسەر ئەم كارە پڕدڵسۆزییە دەرببڕم :

1- لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لایەن ف ر ك  سكاڵا تۆمار كراوە، لەبەرئەوەی توركیا و سوریا ئەندامی دادگاكە نین ئەستەمە دادگا لە كۆتاییدا قبووڵی داواكارییەكە بكات و دەست بە پشكنین و لێكۆڵینەوە بكات. ئەوی پێویستە دەستنیشانكردنی ئەو تاوانبارانەیە كە ناسنامەی وڵاتانی ئەندامیان هەیە و لە تاوانەكە بەشدارن، باشتریش ئەوانەی بڕیاردەرن، ئەمە لە دەستوری كاری ئەواندایە و پێمانڕاگەیاندوون.
2- بڕیارە لە4ی دیسەمبەردا بۆ دووەمجار لە چوارچێوەی كۆنگرەی وڵاتانی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەی، ئێمەیش سیمینارێكی هەژارانەمان، لەسەر بودجەی خۆمان بۆ دووەمجار، هەبێت. بەشێكی تایبەتە بە خوێندنەوەی تاوانەكانی رۆژئاوا، هاوكات فلیم و ستان و بڵاڤۆكەشمان دەبێت بۆ بەشداربوان، واتا خەونە كۆنەكان ئێستا بوون بە واقیع، تەنانەت لە دادگای لاهای وەك 14 ساڵی رابوردوو بەشداردەبین و دادوەر و سەرۆك  و داواكاری گشتی دەبینین و قسەیان لەگەڵ دەكەین و بەشداریی كۆبوونەوە و مەراسیمەكانیان دەبین و قاوە و خواردن و خواردنەوەیان لەگەڵ دەخۆین.

3- تاهەنووكە ئەمنستی ئینتەرناسیۆناڵ, جینۆساید ۆچ و خاچی سوور و....دەیان كەسایەتی گرنگی جیهانی، ئەوەی لە رۆژئاوا روویداوە وەك تاوانی جەنگ ناساندووە، واتا كاری باش كراوە.

4- شێوازی كۆكردنەوەی واژۆ لە كوردستان هەڵە و نایاساییە، كەسەكانی بزرن، واژۆ دەبێت ژمارەی ناسنامەی باری كەسێتی یان پاسپۆرتی لەگەڵدا بێت بۆئەوەی واژۆكە ببێتە بەڵگەیەكی مەعنەویی باوەڕپێكراو، هەرچەندە لە پرسی جینۆسایید یان تاوانی جەنگدا واژۆ گرنگیی نییە، ئەوەی گرنگە بەڵگەنامە و شایەد و پشتیوانییە. ئەمریكا و روسیا و ئیسرائیل و سعودییە وەك چوار  جەمسەری گرنگ خۆیان فسفۆریان بەربڵاوتر بەكارهێنابێت، ئێستا چۆن سزای بەكارهێنەران دەدەن؟.

5- پزیشكان و خاچی سووری كوردی، پشكنینی باشیان لە رۆژئاوا ئەنجامداوە، راگەیاندنی كوردییش، بەتایبەت بینراو، رۆڵی گرنگی لە بە دۆكۆمێنتكردندا هەیە، ئێستا سەردەمی هەڵەبجە و ئەنفال نییە و هیچیان بۆمان نەهێشتووەتەوە.

گرنگ ئەوەیە ئێمە تاوانی سەرێكانی بكەینە تاوانێكی جیهانیی وەك هەڵەبجە، كە كەس بە جینۆسایدی نەناسیووە وەلێ جیهانییە. هەڵەبجە بووە هۆكاری لەدایكبوونی ئۆپی سی دەبلیو، چووە پەرتووكی گینز-ەوە، مۆنۆمێنتی لەناو بارەگای رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاویی بۆ دروستكرا، دەبا محەمەد-ی سەرێكانی-یش بكەینە هێمایەك بۆ قەدەغەكردنی چەكی فسفۆر لە جیهاندا، بە بەرهەمهێنان و عەمباركردن و فرۆشتن و بەكارهێنانی هەمەلایەنەی .

پ: ل. م 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure