حكومه‌ت بڕی 500 ملیار دیناره‌كه‌ به‌ لیژنه‌ خه‌رج ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1551‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕی 500 ملیار دیناری بۆ پڕۆژه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كان ته‌رخان كرد، به‌ڵام شێوازی پاره‌ خه‌رج كردنه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی كه‌مییه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌ر بوونی گه‌نده‌ڵی له‌ به‌ هه‌ده‌ردانی پاره‌كه‌. 


به‌ بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 بڕی 500 ملیار دینار بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌رخان كرا كه‌ ژماره‌یان 184 پڕۆژه‌یه‌ و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌ ته‌واو نه‌كراوی ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێ له‌و پڕۆژانه‌ش گه‌نده‌ڵیان تێدا كراوه‌. 

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌و بووجه‌یه‌ی كه‌ بۆ ته‌واو كردنی 184 ته‌رخانی كردووه‌، شێوازی خه‌رج كردنی پاره‌كه‌ به‌ شێوه‌ی كه‌مییه‌ ده‌بێت و له‌ هه‌فته‌ی رابردووش بڕی 15 ملیار دیناری وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م بۆ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك خه‌رج كردووه‌، حكومه‌ت ده‌یه‌وێ بڕی ئه‌و بووجه‌ی ته‌رخانكراوه‌ بۆ ته‌واو كردنی پڕۆژه‌كان به‌ وردی و چاودێری لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ خه‌رج بكات له‌پێناو ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ پاره‌كه‌دا نه‌كرێت. 

 
شوان كریم، ئه‌ندامی پەرلەمانی کوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ قۆناغی یه‌كه‌م  15 ملیار  دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌  بۆ سیانه‌ی رێگاكان و بڕی ئه‌و بووجه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌رخانی كردووه‌ بۆ ته‌واو كردنی پڕۆژه‌كان به‌ قۆناغ خه‌رج ده‌كرێت. 
 
وتیشی: "سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم  خۆیان راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن و بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراویش راسته‌وخۆ ناچێته‌ سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌ت و ئیداره‌ی پارێزگاكان به‌ڵكو به‌ شێوه‌ی كه‌میه‌ پاره‌كه‌ خه‌رج ده‌كرێت ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی رێگریكرن له‌ گه‌نده‌ڵی. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لیژنه‌یه‌ك بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان پێكده‌هێندرێت كه‌ له‌داهاتوو ده‌ستنیشان ده‌كرێت ئه‌وكاته‌ لیژنه‌كه‌ چاودێری پرۆسه‌ی ته‌واوكردن و سیانه‌ كردنه‌وه‌ی رێگاوبانه‌كان ده‌كات. 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure