په‌رله‌مان ده‌یان كارى نایاسایى له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 165‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

دوو لیژنه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ماوه‌ى دوو مانگ به‌ دواداچوونیان له‌ باره‌ى خاڵه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، به‌پێى ڕاپۆرتى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ش له‌و خاڵه‌ سنووریانه‌ ده‌یان كارى نایاسایى و به‌هه‌ده‌ردان هه‌یه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌تیش سوودمه‌ندبوون له‌و كاره‌ نایاساییانه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌ى ده‌ستپاكى و لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵاكان، له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ لیژنه‌یه‌كیان پێكهێنا به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوون كاره‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ده‌روازه‌ سنووریه‌كانى (حاجى ئۆمه‌ران، ئیبراهیم خه‌لیل، باشماخ و په‌روێزخان) دواى ته‌وابوونى كاره‌كانى ئه‌و لیژنانه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ بۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ ده‌یان كارى نا یاسایى و به‌ هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵى  له‌و مه‌رزانه‌ ئه‌نجامده‌درێن كه‌ بریتین له‌:

1. چوار كۆمپانیا له‌ رێگه‌ى هه‌ر چوار ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان، پشكنین بۆ هه‌موو ئه‌و كاڵایانه‌ ده‌كه‌ن کە داخلى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، به‌ڵام له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى وه‌ریده‌گرن له‌ 20% داهاته‌كه‌ى بۆ حكومه‌ته‌و له‌ 80% بۆ هه‌ر چوار كۆمپانیاكه‌یه‌، وه‌رگرتنى ئه‌و كاره‌ش له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى ته‌نده‌ره‌وه‌ نییه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ قۆرخ كراوه‌.

2.  ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ى كه‌ مانگانه‌ له‌ رێگه‌ى مه‌رزى باشماخه‌وه‌ هاتووچۆ ده‌كه‌ن بڕى 8 هه‌زار دینار به‌ ناوى بیمه‌ى ته‌ندروستى و خه‌به‌ر وسوڵ وه‌رده‌گیرێت و سه‌رجه‌مى داهاته‌كه‌شى ده‌چێته‌ گیرفانى كه‌رتى تایبه‌ت و داهاته‌كه‌ى بۆ حكومه‌ت ناچێته‌وه‌.

3. له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ نێوان (3 بۆ 8) هه‌زار دینار به‌ ناوى بیمه‌ى ته‌ندروستى له‌ گه‌شتیاران وه‌رده‌گیریت جگه‌ له‌ مه‌رزى ئیبراهیم خه‌لیل، به‌ڵام سه‌رجه‌مى ئه‌و داهاته‌ ده‌چیته‌ گیرفانى كه‌رتى تایبه‌ت.

4. ڕۆژانه‌ له‌ به‌شێك له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ هه‌زاران كاڵا و خۆراك داخلى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت كه‌ مێژووى به‌سه‌رچوونیان یه‌ك له‌سه‌ر سێى تێپه‌ڕیوه‌، یاخود چه‌ند مانگێكى كه‌مى ماوه‌، به‌شێك له‌و كاڵاو خۆراكانه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ پشكنین ده‌رنه‌چێت ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌توانن له‌ مه‌رزه‌ نافه‌رمییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌ى بكه‌ن.

5.به‌شێك له‌و سوته‌مه‌نى و ئه‌و سوته‌مه‌نیانه‌شى كه‌ به‌ ناوى مه‌وادى سه‌ره‌تایى له‌مه‌رزى باشماخه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان  به‌ فلته‌رى پشكنین-دا ناڕوات.

6. پاره‌ له‌ لایه‌ن ئاسایش و نشینگه‌ى سلێمانى له‌ گه‌شتیارانى ئێرانى به‌ ناوى رێگه‌پێدان وه‌رده‌گیرێت، به‌بێ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و ناشزانرێت داهاته‌كه‌ى بۆ كوێیه‌.

ک. س




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure