لەهەرێمی كوردستان پێنج جۆر مۆڵەتی شوفێریی دەردەهێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1853‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم،  گۆڕانكاریی لە پێدانی مۆڵەتی شوفێریدا دەكات و رێكخراوێكی بواری سەلامەتیی هاتوچۆیش رەخنە لە وەزارەتی ناوەخۆ دەگرێت كە لە هەرێم مۆڵەتی شوفێرییان رێكنەخستووە.

مەریوان عەزیز  جێگری سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند"لە هەرێمی كوردستان بە پێنج جۆر مۆڵەتی شوفێریی بە شوفێران دەدرێت، لە هەولێر بە جۆرێك  و لە سلێمانی بە جۆرێكی تر و لە دهۆك-یش پێدانی مۆڵەتی شوفێری لە هیچ پارێزگایەكی تر ناچێت، ئەمە وێرای پێدانی مۆڵەتی شوفێری لە سۆران بە جۆرێك و لە كۆیە-یش بەجۆرێكی ترە. هەروەها پێدانی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێم، لە هی عێراقیش ناچێت و جیاوازە، بۆیە پێمانباشە مۆڵەتی شوفێریی یەك بخرێت".

هاوكات ئەسعەد قادر بەڕێوه‌بەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم،  بۆ دواڕۆژ وتی:"ماوەی ساڵێكە خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەی نوێین بۆ پێدانی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێم، لەگەڵ هاتوچۆكانی سەرجەم شارەكان  توانراوه‌ رەشنووسێكی سەردەمیانە ئامادە بكەین و ئاراستەی وەزارەتی ناوەخۆ كراوە، چاوەڕێی پەسەند كردنی پڕۆژە تازەكەین كە مۆڵەتی شوفێریی یەكدەخات و دەیكات بە یەك سیستەم. هەروەك شوفێر فێرە شوفێریی دەكرێت پێش ئەوەی مۆڵەتی پێبدرێت".

وتیشی:"هیچ شوفێرێك بەبێ خولی نووسینگەكانی فێركردنی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شوفێریی پێنادرێت و له‌ئێستادا ئه‌و بابه‌ته‌ بووەته‌ پرسێكی گرنگ له‌ هاتوچۆی هه‌رێم، چونكه‌ گیانی شوفێران گرنگتره‌ نه‌ك زوو پێدانی مۆڵه‌ت". 

پ: ل. م 
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure