یاسای چاكسازی دواخرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 15647‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر ره‌شنووسی یاسای چاكسازی له‌ نێوان فراكسیۆنه‌كان  له‌ نێوان خۆیان و په‌رله‌مانیش له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، ناردنی ره‌شنوسی پڕۆژه‌ی یاسای چاكسازی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان دواخرا.

هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو هه‌فته‌ی ڕابوردوو، ره‌شنوسی یاسای چاكسازیی بگاته‌ په‌رله‌مان و به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنه‌كانی نێو په‌رله‌مان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ و رێكنه‌كه‌وتنی هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت ناردنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان دواخرا بۆ ناوه‌ڕاستی مانگی كانونى یه‌كه‌مى داهاتوو.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ دواخستنی گفتووگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا ناكۆكی هه‌یه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌باره‌ی هه‌ریه‌ك له‌ شێوازی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران و پله‌ تایبه‌ته‌كان، جیاوازی مامه‌ڵه‌ی خانه‌نشینی له‌ هه‌ردوو سنووری سلێمانی و هه‌ولێر، چۆنێتی ده‌ستكاریكردنی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

له‌ماوه‌ی ڕابوردوودا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌كی به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری داد پێكهێنا به‌مه‌به‌ستی دووباره‌ نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسی یاسای چاكسازی ودواتریش ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ یاساكه‌ پێكهێنرا.

پڕۆژه‌یاسایی چاكسازی له‌ مووچه‌، خانه‌نشینی و ده‌رماڵه‌كان له‌ 24 مادده‌ پێكهاتبووه‌، ڕۆژی 28ی شوباتی ساڵى رابوردوو، په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ ‌و ده‌رماڵه‌ ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان په‌سه‌ندكرد، به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌شێك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌رداواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازار یاسای چاكسازی له‌ ‌خانه‌نشینی و مووچه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ په‌رله‌مان.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure