كچە خوێنكارێكی پەیمانگا ئازارەكانی ڕۆژئاوا دەكاتە پەیکەر

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 174‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ ئەو ئێش و ئازارەی بەسەر كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان هاتووە، خوێندكارێكی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەڵەبجە، بڕیاریداوە كە بۆ پڕۆژەی كۆتایی خوێندنی لە پەیمانگا، پەیكەرێك بۆ(محەمەد) منداڵەكەی ڕۆژئاوا دروست بكات، ئەوەش لە پێناو بە دیكیۆمێنتكردنی ئەو تاوانانەیە كە لەدژی گەلی كورد ئەنجامدراوە.

 
كاتێك وێنەی برینداربوونی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان بە چەكی فۆسفۆڕ بڵاوبوویەوە، لەگەڵیدا وێنەی محەمەد بڵاوبوویەوە، كە لەنەخۆشخانە لەبەر زۆری ئازاری جەستەی هاوار دەكات، ئەم وێنەیەش بوویە سیمبوڵی ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان و لە چەندین ناوەندی میدیایی جیهان بڵاوبوویەوە.

 
چرا عەبدولكەریم، خوێندكاری قۆناغی پێنجی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەڵەبجەیە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییم بڕیارمداوە بۆ پڕۆژەی دەرچوونم لە پەیمانگا پەیكەرێك بۆ (محەمەد ) دروستبكەم، چونكە محەمەد پێش ئەوەی كوردبێت مرۆڤە، ئەوەش واتای ئەوەیە ئەو تاوانە بەرامبەر مرۆڤایەتی كراوە، بۆئەوەی وەك دیكیۆمێنتێك  بۆ ئەو تاوانانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان دژ بە گەلەكەمان ئەنجامدراون بمێنێتەوە و دواتر لە شوێنێكی گونجاوی شاری هەڵەبجە دابنرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو پەیكەرەی دروستی دەكەم بەرزی ١٨٠سم و هەفتانە سێ ڕۆژ كاری تێدا دەكەم و دەبێت تا سەرەتای ساڵی نوێ‌ پرۆژەكەم تەواو بكەم، لە ئێستادا بە قوڕی ئاسایی و تەل دروستیدەكەم، بەڵام بۆ ئەوەی پەیكەرەكە توانای مانەوەی هەبێت پێویستی بەوەیە كە ماددەی فایبەركڵاسی تیا بەكاربێت، ئەو ماددەیەش لە پەیمانگا نییە و هەتا ئێستاش كەس ئامادەیی دەرنەبڕیوە تێچووی كڕینی ماددەكان بگرێتە ئەستۆ، بۆیە ئەگەر هەر بەقوڕ كارەكەم تەواوبكەم توانای مانەوەی بۆ ماوەیەكی درێژ نابێت.

 

ک. س

 

ئەو خوێندكارەی پەیمانگای هونەرە جوانەكان ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە داوایانكردووە كە پەیكەرەكە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دابنرێت، هاوكات پارێزگاری هەڵەبجەش داوایكردووە لە بینای پارێزگا دابندرێت، پێمباشە كە پەیكەرەكە لەشوێنێكی گشتیدا دابندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەس بیبینێت، بۆیە هێشتا بڕیارمان نەداوە لەكوێ دایدەنێین.

6 Attachments



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure