پڕۆژەیاسای ماف و ئەركی نەخۆش ئاراستەی حكومەت دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 242‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، كۆبووە و بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی لاوەكییاندا بۆئەوەی سەردانی شوێنە تەندروستییەكان بكەن و بەم نزیكانەیش سەردانی پارێزگای سلێمانی دەكەن.

راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە"لەكۆبوونەوەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەری پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی لاوەكی دراوە بۆئەوەی لە نزیكەوە سەردانی شوێنە تەندروستییەكان بكرێت و بڕیاریشە بەم نزیكانە سەردانی پارێزگای سلێمانی بكەن بۆئەوەی لە كێشە و گرفتەكانی نەخۆشخانەكان بكۆڵنەوە و چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزنەوە".
لیژنەكە سەردانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەكەن بۆئەوەی لە رەوشی كۆگای  دەرمانی فڕۆكەخانەكە بكۆڵنەوە كە ئاخۆمەرجی تەندروستی و سەلامەتی لەخۆگرتووە یان نا.
راگەیاندنی پەرلەمان ئەوەیش رووندەكاتەوە "هەریەكە لە لیژنەی تەندروستی و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆژەیاسای ماف و ئەركی نەخۆش كردووە و بڕیاریانداوە لەڕێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت و ئەوانیش پێشنیاری خۆیان لەبارەیەوە بخەنەڕوو و پاشان بگەڕێنریتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت".

پ: ل. م 

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure