زێره‌ڤانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر خۆكوشتنی ئه‌فسه‌رێكی پێكده‌هێنێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 817‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانى زێره‌ڤانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌فسه‌رێكیان به‌ پله‌ى موقه‌ده‌م له‌كاتی ده‌وامی ئاسایی خۆیدا كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌و بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێندراوه‌. 


به‌پێی راگه‌یاندراوێكی فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: سه‌ر له‌ به‌یانی (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی تشرینی دووه‌می 2019) موقه‌ده‌م دڵزار ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د ئه‌مین سه‌رلق له‌ به‌شی ئامریه‌ی باره‌گای فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی و له‌ كاتی ده‌وامی ئاسایی به‌ هۆكارێكی نادیار به‌ چه‌كه‌كه‌ی خۆی كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌. 

هاوكات هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و رووداوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانییه‌وه‌ و ئه‌وان به‌پێی یاسایی سه‌ربازی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن. 

لای خۆشییه‌وه‌ دڵشاد مه‌ولود، به‌رپرسی راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێندراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت رووداوه‌كه‌ چۆن و بۆچی بووه‌.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure