منداڵانى كورد ناچار به‌ باڵاپۆشى ده‌كرێن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 614‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا
كه‌سانى توندڕه‌وى سه‌ر به‌ توركیا، له‌ رێگاى به‌ڕێوه‌به‌راتى په‌روه‌رده‌ى عه‌فرین-ه‌وه‌ داوایان له‌ منداڵانى كچ كردووه‌‌ خۆیان باڵاپۆش بیكه‌ن ئه‌گه‌رنا رێگه‌یان پێنادرێت بچنه‌ قوتابخانه‌.

مسته‌فا شێخۆ ئه‌ندامى رێكخراوى مافى مرۆڤى كوردستان له‌ عه‌فرین، به‌ دواڕۆژى وت:"توندڕه‌وه‌كانى سه‌ر به‌ میلیشیاكانى توركیا، داوایان له‌ كچانى پۆلى پێنجه‌م و بۆ سه‌ره‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت خۆیان باڵاپۆش بكه‌ن، هه‌ر چه‌نده‌ پێشتر منداڵان‌ ئه‌م كاره‌یان نه‌كردووه‌ چونكه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاكانه‌وه‌ له‌ دابونه‌ریتى ئه‌واندا نییه".
وتیشى:"دواى ئاواره‌بوونى خه‌ڵكى عه‌فرین، ئێستا توندڕه‌وه‌كان به‌ڕێوه‌بردنى قوتابخانه‌ و به‌ڕێوبه‌راتییه‌كانى گشت ناحیه‌ و گونده‌كانى سه‌ر به‌ عه‌فرین-یان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵك و له‌ رێگاى قوتابخانه‌ ئایینیه‌كانى توركیاوه‌ و له‌ژێر ناوى رێكخراوى مرۆیی كار بۆ سه‌پاندنى باوه‌ڕ و سیاسه‌تى ئایینى خۆیان ده‌كه‌ن".
مسته‌فا شێخۆ ده‌ڵێت:"به‌ڕێوه‌به‌راتى په‌روه‌رده‌ى عه‌فرین سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانى ئۆپۆزیسیۆنى سووریا، ژماره‌یه‌كى زۆریان له‌ مامۆستایان و كارمه‌ندانى كورد له‌ ده‌وامه‌كانیان دوورخستوونه‌ته‌وه‌ و كه‌سانى توندڕه‌ویان له‌ شوێن داناون".
وه‌ك ئه‌ندامه‌كه‌ى رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین روونیده‌كاته‌وه‌:"له‌ ترسى توندڕه‌وه‌كان ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خه‌ڵكى عه‌فرین رێگه‌یان‌ له‌ چوونى منداڵه‌كانییان بۆ قوتابخانه‌ گرتووه‌ چونكه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دان په‌روه‌رده‌یه‌كى زۆر مه‌ترسیدار و توندڕه‌و فێرى منداڵه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ پاشه‌ڕۆژیان زۆر خراپه‌ و به‌ ئاشكرا سوویەكاتى به‌ كورد ده‌كه‌ن".

پ: ل. م 
بڵاوكردنەوە:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure