به‌غدا بڕیارێكى نوێ له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 15860‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز
حكومه‌تى ناوه‌ندى ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت"تا په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ و ساڵى نوێ، ئاماده‌یه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ بكات".

به‌ وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیارى پرسه‌كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاو بكرێته‌وه‌، له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقدا بابه‌تى ناردنى مووچه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان باسكراوه‌ و  جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌تا كۆتایى ساڵ هه‌رێم به‌بێ گرفت مووچه‌ى پێده‌گات".

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ "له‌دواین په‌یامیدا كه‌ له‌رێگه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى كردووه‌، حكومه‌تى عێراق ئاشكرایكردووه‌ كه‌ بڕیاریداوه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تاكۆتایى ساڵ بنێرێت. ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌وه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ست نه‌كات ئه‌وا له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020دا پشكى هه‌رێم جێگه‌ى ناكرێته‌وه‌".

شیروان میرزا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌ دواڕۆژى وت:"رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا نزیكه‌ و حكومه‌تى هه‌رێم-یش له‌ راده‌ستكردنى نه‌وتدا  نه‌رمیى نواندووه‌ به‌ هه‌ندێك مه‌رجى سه‌ره‌تایى كه‌ پێده‌چێت حكومه‌تى ناوه‌ند به‌و مه‌رجانه‌ رازیبێت. ئه‌گه‌ر وابێت پشكى هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى ساڵى 2020دا جێگه‌ى ده‌كرێته‌وه‌ و كێشه‌ى مووچه‌ نامێنێت".


پ: ل. م 
 بڵاوكردنه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure