ئایا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟ دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنمە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 18/11/2019‌ :: 190‌ جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر
ئەو سیاسەتەی تائێستا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی و سێ بەشەکەی تری کوردستانیشدا بەشێوە گشتییەکەی بەڕێوەدەبرێ، پشتبەستووە بەو پەندە کۆنەی کە دەڵێ (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە ئەمە ئەگەر بۆ سەردەمانێک کاری پێکرابێ، بەهۆی سانایی ژیان و دووریی ناوچەکان لەیەک، بەهۆی نەبوونی ئامێری گواستنەوەی خێرا و نەگەشتن هەم بە دۆست و هەم بە دوژمن، چونکه‌ بۆ هەر پەیوەندیبەستنێک کاتێکی زۆریان پێویست بووە، بۆیە زۆرترین کات پێوەی پابەندبوون و هەرکاتێک دوو لایەن لەسەر دوژمنە هاوبەشەکەیان هاوڕابووبن ئەوا خۆیان بوون بە دۆست بۆ دوژمنایەتی لایەنی سێیەم، بەڵام چیتر ئەو تیۆریە کاری پێناکرێ بۆ ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و خێرایی ئامێرەکانی گوستنەوە کە بەشێوەی جیاواز و ئاسان و تێچووی کەمەوە لەبەردەستان.

ئەگەر دوێنێ دوژمنی دوژمن دۆست بووبێ، ئەوا ئەکرێ ئەمڕۆ دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیش بێت یان دوژمنێکی هاوبەش بێت، لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندیی دۆستانە یان پێچەوانەکەی رێکنەخرێت.

نەک کایەی رامیاری بەڵکو ئەوەی باوە لەناو کۆمەڵگە و خێڵ و تاکەکانیشدا هەر پشتبەستن بەو دەستەواژەیە دۆستایەتی و یار و نەیار مامەڵە دەکرێن و پەیوەندییەکان دادەڕێژرێن کە ئەکرێ هۆکارێک بووبێ و تائێستایش هۆکارێک بێ بۆ بەهەڵەداچوون.

ئەوەی مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوه‌ کورد جا چ خێڵ یان میرنشێن یان خێزانێکی باڵادەست یان حیزبێکی سیاسی بووبێ، هەمیشە لەکاتی ناکۆکیدا پەنای بۆ ئەو دەوڵەت و هێزە ناوچەییانە بردووە کە دوژمنی برای نەژادەکەی بووە تا لە پەنایدا سەرکەوتنێکی کاتی بۆ خودی خۆی یان خێڵ و خێزان و حیزب بەدەستبهێنێ لەبەرامبەر دۆڕان و ماڵوێرانی بۆ کورد و خاک و ناشیرینکردنی مێژووەکەی، بەجۆرێک مێژووی کورد پڕە لەو پەنا بردنە بۆ دوژمن و راوه‌دوونان و بێهێزکردنی کورد بە دەستی کورد کە دەکرێ ٣١ی ئاب روونترین مێژووی نوێ بێ کە کۆی ئەو نەوانەی گەواهیدەری ئەوەن ئێستا لە ژیاندا ماون.
لەدواین پەیامی ئاڕاستەکراوی سەرۆکی هەرێم نێچیروان بارزانی، بە ئاسانی هەست بە پەیڕەوکردن و پابەندبوونی ئەو دەستەواژەیەوە دەکرا (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە وتی (تورکیا  کێشەی لەگەڵ کوردا نیە بەڵکو کێشەی بوونی پ.ک.ک-ى هەیە) لێرەیشدا مەبەستی ئەوەبوو یان راستر لەلایەن خەڵکانی غەیرەکوردەوە وا لێکدەدرێتەوه‌ کە ئەو کۆمەڵکوژی و داگیرکاریەی تورکیا لە رۆژئاوا دەیکات کارێکی ئاساییە چونکە ئەوان دوژمنی پ.ک.ک-ن و  هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نەتەوەی کورد نیە، واتا داپۆشینی داگیرکاریی "تورکیای دۆستی پ.د.ک" بەرامبەر تاوانبارکردنی "پ.ک.ک دوژمنی هاوبەشی تورکیا و بەداخیشەوە پارتی".
سەرۆکی هەرێم کە پێدەچێ پەیامەکەی پێگەشتبێ لە تورکیاوە، نەیتوانی ئەو ناکۆکییە سیاسیەی نێوان پ.د.ک و پ.ک.ک تێپەڕێنێ و کاری بە (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کرد و پەیامێکی بە جیهان دا کە میلـلەتی کورد یان لایەنیکەم حکومەتی هەرێم تێگەشتنی بۆ ئەو داگیرکاری و خوێنڕێژیەی تورکیا هەیە، چونکە ئەوان کار بۆ پاراستن و توندوتٶڵکردنی سنووری خۆیان دەکەن، لەبەر ئەو هۆکارە رەوایی بە هێرشەکانیان دەدرێ ئەگەرنا تورکیا کێشەی لەگەڵ میلـلەتی کوردا نیە و بگرە دۆستیشمان. ئەمە لەکاتێکدا زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمایەتی و جیهانیش ئەو هێرشە بە داگیرکاری و پاکتاوی سیاسیی بێ بنەما و مەبەستی شاراوەیش لێى پاکتاوی نەژادیی دەناسێنن.
ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە کەسێک یان لایەنێک یان حیزبێکی سیاسی هەبێ لە سەدەی بیستویەکدا تائێستایش بۆ دژایەتی لایەنێکی تری هاونەژاد پەنا بۆ نەتەوەیەک و وڵاتێکی تر بەرێ و مێژوو دەستی نەسووتاندبێ!
پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و پارتی ئەگەرچی سارد-یش بێ یان پێشترهەرچۆنێک بووبێ، بەڵام هەرگیز ئەمانە نابێ ئێسکی یەکتر بشکێنن، بەڵام مەخابن ئەوەی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم ئەیکەن لە هاوکاریکردنی تورکە مەگۆلیەکان، هەر دووبارەکردنەوەی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە"یە کە ئەمە هەڵەیەکی مێژووی ناشرین وقێزەون و ئابڕووتکێنە و دەبێ نەفرەتی لێبکرێ، چونکه‌ راستیەکەی ئەوەیە (دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیشە). ئەوەتا تورکە مەغۆلیەکان نایشارنەوە و پڕ بە دەم هاوار دەکەن و دەڵێن هیچ کیانێکی کورد-یان گیرانیە، ئەگەرچی لە هەسارەیەکی تریش بێ و ئەوەی ئێستایش لە باکووری عێراق هەیە، بەزمانی ئەوان، کە مەبەستیان هەرێمی کوردستان-ە، پێشتر بەهۆی رەوشی ناوچەکەوە سەپێنراوە بەسەریاندا ئەگەرنا ئەوەیشیان پێ زۆرو ناپەسەنە، بەڵام راستیە مێژووەکەی ئەوەیە کە لەو سەردەمەی حکومەتی هەرێم دروست بوو تورکیا وەک وڵات بێهێز بوو ئەگەرنا هەر ئەو کات رێیان نەئەدا حکومەتی هەرێم رووناکیی ببینێ.

کوردستان لە مێژووی دوور و درێژیدا زۆرجار کەوتووه‌تە نێوان دوو زلهێز یان زیاتره‌وه‌، رێڕەو بووە بۆ لەشکرکێشیی ئیمپراتۆرەکان بۆ سەر وڵاتێکی تر، یان شەڕگه‌ی شەڕکەران بووە و هەر‌ هێزێک شکستیخورادبێ لە چیاکانی کوردستان خۆی شاردووه‌تەوه‌.
ئەم جەنگانە کاریگەریی جیاواز و ناجۆریان لەسەر ئابوری و رامیاری و کۆمەڵایەتی و بگرە دەروونیی کورد بەجێهێشتووە و خراپ بەسەریدا شکاوەتەوە.
ئەگەر بە خێرایی تەماشای مێژوو بکەین، هەر لە هەزارەکانی پێش زایینەوە هەتا ئەمڕۆ، شاڵاوی هێرش و لەشکرکێشی و پاشەکشێی هێزەکان بەناو کوردستاندا دەبینرێت. هەر لە سۆمەرو ئەکەد و بابلیەکان و فیرعەونی و ئاسوری و ئورارتۆ و سەکسی و حسی و ولیدیەکان-ەوە هەتا دەگاتە یۆنان و مەکدۆنی و رۆمەکان و پاشتریش بۆ سەردەمەکانی هەخامەنشی و ئەشکانی و سلوقی و ساسانیەکان تا دەگاتە فتوحات"داگیکاریی" ئیسلام و سەردەمەکانی ئەمەوی و عەباسیەکان، بە هێرشی تەتەر و مەغۆل جەنگیزخان و هۆلاکۆ و تەیموری لەنگ و ئیلخانی و جەلائری و ئۆزبەگی و ئەفشاری و تەیموری و سەفەوی و قاجاریەکانەوە، سەدەی نوێ و ئیمپریالیستە روسی و هەڵگیرسێنەرانی جەنگە جیهانیەکانی یەکەم و دووەم هەتا جەنگی عێراق-ئێران و هەتا ئێستایش بەردەوامیی هەیە.
هەموو ئەمانە یان شەڕەکانیان هێناوەتە خاکی کوردستان یان کوردیان کردووە بە گژی لایەنێکی تری دژی خۆیان یان کورد کراوەتە سوپەری هێزێکی تریان وەک وەرەقەیەک بۆ پاڵەپەستۆ لەسەر لایەنێکی تر یان کوردی ناوچەیەک کراوە بە گژی ناوچەیەکی تردا، بۆ هەموو ئەمانەیش هەمیشە کورد بەوە لەخشتەبراوە کە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە و هەمیشەیش راستیەکەی ئەوە بووە کە کورد وەرەقەیەک بووە لە یاریەکاندا و هەمیشە هەردوولایەنی شەڕکەر دوژمنی کوردن.
یەکێک لەو نەگبەتیانەی لە مێژە کوردی تێوەگلاوە و تائێستایش شوێنەواری وەک سێبەر بە دوای کوردەوەیە، شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ی زایینی بوو، ئەم شەڕە بەجۆرێک کورد زەرەرمەند بووە لێی بە هیچ جۆرێک دوو لایەنی شەڕ(عوسمانی و سەفەوی) زەرەرمەند نەبوون و کارێکی کردووە کە تائێستایش ماڵی کورد کۆنابێتەوە و هەمیشە لایەنە بیرە ئایدیا جوداکانی کورد لەژێر سێبەری یەکێک لەم دوو بەرەی شەڕەی چاڵدێران-دان کە لە ئێستادا لە تورکیای مەنگۆلی و ئێران-دا خۆیان نمایش دەکەن.
کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان بەهۆی خەمساردی و بەرژەوەندیی کەس و خێڵ و حیزبە سیاسیەکانەوە، هەمیشە  لەژێر باڵی ئەم دوو وڵاتەدان و دژایەتی یەکتر دەکەن و بۆ پشتشکان و دۆڕانی یەکتر یەکێکیان دەبێتە جاشی تورکیا و ئەوی تریشیان ئێران، هەر فێر نەبوون کە دوژمنی لایەنێک یان بەرەیەک یان حیزبێک یان کانتۆن و هەرێمێک دوژمنی هەموو کوردە بێ جیاوازی! پرسیار: ئــــــایــــــا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

پێداچوونه‌وه‌:ل.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure