نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران كرایەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 123‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2019 نووسینگەی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت لە قەزای سۆران كرایەوە، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت كە سێ نووسینگەی دیكەی دەرهێنانی پاسۆرت دەكرێنەوە.  

ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەولێر، دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی، نووسینگەی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت لە قەزای سۆران كرایەوە. 

لە سبەی سێشەممەوە هاوڵاتیانی دەڤەری سۆران دەتوانن بۆ راییكردنی كارەكانیان سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران بكەن و مامەڵەكانیان ڕاییدەكرێت. 

دانیشتوانی هەر چوار قەزای سۆران، چۆمان، ڕواندزو مێرگەسۆر بەهرەمەند دەبن لە نووسینگەی پاسپۆرت و نزیكەی 350 هەزار هاوڵاتی دەتوانن سوود وەرگرن لەدەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكانیان. 

لەكاتی كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "دوای تەواوبوونی كارەكانیان و پاش بەكۆتاهاتنی بیناكانیان نووسینگەی پاسپۆرت لە هەریەك لە قەزاكانی چەمچەماڵ، ئاكرێ و زاخۆ-ش دەكرێنەوە".  

 

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure