هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری پێداویستی عێراق بۆ پەتاتە پڕدەكاتەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، فەرمان رەشاد 


 بەرهەمی خۆماڵی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 11 ساڵدا ئاستێكی پێوانەیی تۆماركردووە، بەجۆرێك ئێستا بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی عێراق لە هەرێم دابیندەكرێت.

بەگوێرەی داتایەكی فەرمی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لەساڵی 2007 لەهەرێمی كوردستان ساڵانە تەنها 883 تەن بووە كە رێژەی 01% ئەو بەرهەمە بووە هاتۆتە هەرێم، بەجۆرێك لەو ساڵە 62.285 تەن پەتاتە لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.

رێژەی بەرهەمی خۆماڵی ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بووە بەجۆرێك لەساڵی 2012  رێژەی پەتاتەی بەرهەمهاتوو لە ناوخۆی هەرێم بەرزبۆتەوە بۆ 80.624 تۆن، كە یەكسان بووە بە 60%ی بەرهەمی پەتاتەی بازاڕەكان، لە بەرامبەردا رێژەی بەرهەمی هاوردە دابەزیوە بۆ 40% كە بریتی بوە لە 54.416 تۆن.

ساڵانی دواتر بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی بەرەو بەرزبونەوەی بەردەوام رۆیشتووە، هەر بەگوێرەی داتاكەی وەزارەتی كشتوكاڵ لە ساڵی 2018 لە كۆی پەتاتەی بازارەكانی هەرێم كە 295.095 تۆن بوە رێژەی 229.163 تۆن لەناوخۆ بەرهەمهاتوە كە یەكسانە بە %78 كۆی بەرهەمی پەتاتە، لەبەرامبەردا 65.933 تۆن لە دەرەوەی هەرێمەوە هێنراون.

داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژە بۆ دابەزینی بەرهەمی پەتاتە دەكەن بۆ ساڵی 2019 تەنها لە پارێزگای دهۆك بە رێژەی 30% بەرهەمهێنانی پەتاتە دابەزیوە، بەشێوەیەك  ساڵی رابوردوو لە دهۆک بەرهەمی پەتاتە 98 هەزار و 797 تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ 73 هەزار و 629 تۆن بەرهەمهاتووە. 

سەبارەت بە هۆكاری دابەزینی بڕەكە جوتیارانی ناوچەكە ئاماژە بە دواكەوتنی وەرزی بارانبارین و دواكەوتنی وەرزی چاندن دەكەن.

پێویستی ساڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ پەتاتە بەگوێرەی داتای وەزارەتی كشتوكاڵ 100 هەزار تۆنە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەر تاكێك لە ماوەی ساڵێك 15 كیلۆ پەتاتە دەخوات، بەڵام ئەو رێژەیەی كە بەرهەمدێت زۆر لە پێویستی هەرێمی كوردستان زیاترە، بۆیە ئێستا بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمە هەناردەی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەكرێت بەجۆرێك لە ئێستا 70% پێویستی ناوچەكانی تری عێراق لە رێگای بەرهەمی پەتاتەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان پڕدەكرێتەوە.

سەبارەت بەو ناوچانەی زۆرترین بەرهەمی پەتاتەی لێ بەرهەمدەهێندرێت، دهۆك لە پلەی یەكەم دێت كە ساڵانە زۆرترین بەرهەمی پەتاتە لەلایەن جوتیارەكانیەوە بەرهەم دێت، لە دوای ئەو پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێت و سلێمانیش لە پلەی سێیەم دایە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە