بەمنزیكانە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 دەگاتە پەرلەمان

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 9507‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، بەغدا

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەمنزیكانە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی دەنێردرێتە پەرلەمان، سەبارەت بە پشكی ھەرێمیش دەڵێت: "لێكنزیكبوونەوەی باش ھەیە".


شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە دواڕۆژی راگەیاند "پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ كارەكانی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی تەواو بووە، نێردراوەتە ئەنجومەنی وەزیران، لەوێش زۆر نامێنێتەوە و بەزۆرینە یان بە تێكڕایی دەنگی لەسەر دەدرێت، دوایی دەنێردرێت بۆ پەرلەمان".

ئاشكراشیكرد، لە ئەنجومەنی وەزیران زۆر ناخایەنێت، چونكە كاتی خۆی وەزارەت و وەزیرەكان راوێژیان پێكراوە لەسەر بودجەی وەبەرھێنان و وەگەڕخستن، كارەكە لە پەرلەمان زۆرتر دەخایەنێت".

روونیشیكردەوە "پێدەچێت لەم ھەفتەیە یان ھەفتەی داھاتوو پڕۆژەیاساكە بگاتە پەرلەمان".

وتیشی: "حكومەتی ھەرێمیش پڕۆژە پێشنیازكراوێكی ناردووە، بەڵام ئایا وەكو خۆی خراوەتە ناو بودجەوە یان دەستكاری دەكرێت، ئەوە نەزانراوە".

سەبارەت بە بەشە بودجە و پشكی ھەرێمی كوردستان ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "ھێشتا نازانرێت پشكی ھەرێم چۆن دەبێت، تا پڕۆژەیاساكە نەیەتە پەرلەمان، بەڵام لێكنزیكبوونەوەیەكی باش ھەیە، لەوانەیە بگەنە رێككەوتن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure