وردەكاری نوێ لەسەر كوشتنی بەغدادی.. عێراق چۆن هاوكاری بەئامانجگرتنی كرد

هەواڵ / عێراق :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 509‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
تائێستا دۆسیەی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش، بەكراوەیی ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی راپۆرتێكی نوێی بڵاوكردۆتەوە لەژێر ناونیشانی "چۆن عێراق هاوكاری كردووە  لە ئاشكرا كردنی شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی؟".

لیوا روكن سەعد عەلاق سەرۆكی فەرمانگەی هەواڵگریی عیراق رایگەیاندووە "دەستگیر كردنی زاوایەكی بەغدادی لە مانگی ئایاری رابوردوودا، بەناوی محەمەد عەلی ساجت هۆكاری گەیشتن بووە بە شوێنی خەلیفەی داش، كە لەڕێگەی نزیكەكانی خۆیەوە توانراوە بگەنە كەسی یەكەمی داواكراو كە بەغدادییە.

ساجت هاوكاریكی تەواوی بەغدادی بووە، بەتایبەت بۆ رێكخستنی گەشت و چوون و هاتنەكانی، بۆیە وەك ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق باسیان كرووە، زاواكەی بەغدادی پاش بەدیلگرتنی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەنزیك شاری بەغدا، شتی زۆر دركاندووە.

زاواكەی بەغدادی هێزەكانی هەواڵگری عێراقی بردۆتە سەر جێگەیەك كە تونێلێكی درێژ بووە لەبیابانێكی شاری قائیم لەنزیك سنووری سوریا، لەوێ چەند بەڵگە و نەخشەیەكیان چنگ كەوتووە كە تایبەت بوون بە بەغدادی و زۆربەیان بە خەتی دەست نووسراون.

دوای ئەو ئۆپراسیۆنە، هێزەكانی سوپای عێراق توانیویانە ئەو باندە قاچاخچییە بگرن كە بەغدادی-یان هێناوە و بردووە و ئەوەش هۆكارێكی باش بووە بۆ گەیشتن بە شوێنی سەرەكی خەلیفەكەی داعش.

دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق زانیاری دەدەنە واشنتۆن، یەكەیەكی تایبەتی مارێنز و هێزەكانی هەسەدە لەسوریا دەكەونە لێكۆڵینەوە و گەڕانی ورد.

بەغدادی و دوو منداڵی خۆی لە هێرشێكی فڕۆكەكانی ئەمریكا لە ئۆكتۆبەری رابوردوودا لەنزیك گوندی باریشا لە پارێزگای ئیدلب-ی سوریا كوژرا.

كلاریسا ورد توێژەری تۆڕی سی ئێن ئێن دەڵێت: "هەموومان تووشی شۆك بووین كاتێك زانیمان بەغدادی لە ئیدلب بووە، ئەو شارەی لەژێر كۆنترۆڵی بەرەی تەحریری شامدا بووە و ماوەیەكی زۆر دژی داعش جەنگاون، سەرەڕای ئەوەی لایەنگری قاعیدەش بوون".

ئەو جێگەی بەغدادی خۆی تێدا حەشاردابوو، تەنها 5 كیلۆ مەتر لەسنووری توركیاوە دوورە، بۆیە بە وتەی عەلاق، بەغدادی چۆتە ئەو جێگەیەی نزیك بووە لە سەرچاوەی هاوكاری و مادیی رێكخراوەكەیەوە.

ئەو ئەفسەرانەی هەواڵگریی عێراق ئەوەشیان ئاشكرا كردووە بۆ سی ئێن ئێن، كە بەغدادی لەكاتی سەرهەڵدانی داعش و لەسەروبەندی داگیركردنی موسڵدا لە 2014 لەعێراق جێگیر بووە و رۆژانە 10 جار زیاتر شوێنی خۆی گۆڕیوە.

لەمانگی ئابی 2017دا بەغدادی عێراقی جێهێشتووە بەرەو سوریا، كەسێكیش هەموو ئەم كار ئاسانییانەی بۆ كردووە، كە خەزووری بووە و باوكی ژنی سێیەمی خەلیفەی داعش بووە، ئەوەندە ورد و زانایانە چەكدار و سەركردەكانی داعشی هاتوچۆ پێكردووە لەنێوان عیراق و سوریادا ناوی لێنراوە (تارمایی بیابان).



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure