كرێكاری بیانی جێگەی بە خۆماڵی لێژ كردووە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


تادێت ژمارەی کرێکارانی بیانی زیاد دەبێت، بەجۆرێک کاریگەری گەورەی لەسەر دەرفەتی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، وەزارەتی کاریش هۆکاری زۆربوونی ڕێژەی کرێکارانی بیانی بۆ پێدانی مۆڵەت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، 70 هەزار کرێکارن و ژمارەی کرێکارانی خۆماڵیش 9 هەزار کرێکارن، جگە لەو کرێکارانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدرێت.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهاوکاری لەگەڵ لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی، گەنگەشەی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کرێکارانی بیانیمان کردووە".

ئاریان ئەحمەد، ڕاشیگەیاند "هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە دەستی کاری بیانی کەمبێتەوە و گەنجانی بێکار کاریان دەستبکەوێت، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بێکارن و کاریان دەستناکەوێت".

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایەکیان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، خاڵی سەرەکی پڕۆژەکەش دامەزراندنی بێکارانی خۆماڵییە.

زانا مەلا خالید، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی ئێمە دەستەبەرکردنی کارە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان".

زانا مەلاخالید، دەشڵێت: "بەپێی پڕۆژەیاساکە هەر کۆمپانیا و کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان دەبێت تا کرێکاری خۆماڵی هەبێت، کرێکاری بیانی دانەمەزرێنێت، چونکە بۆ زۆربەی کارەکان کرێکاری بیانی خراونەتە سەرکار".

لەبارەی کاریگەری پڕۆژەیاساکەش زانا مەلاخالید، ئاماژەی بەوەدا "دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان".

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی راگەیاند "نابێت كرێكاری بیانی هەمان ئەو كارە بكات كە لێرە دەستی كاری بۆ هەیە، خاوەن كار رووبەڕووی سزا دەبێتەوە كاتێك كار دەداتە كەسانی بیانی".

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی راشیگەیاند "ئەو ڕێژە زۆرەی کرێکاری بیانی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، رێكدەخرێتەوە و كاری وەزارەتی ناوخۆشە چاودێری سنوورەكان چڕتر بكاتەوە".

كۆمپانیاكانی هێنانی كرێكاری بیانی ژمارەیان 100 كۆمپانیایە و‌ دەبێت بەپێی رێنماییە نوێكان و بەپێی پسپۆڕی كرێكار بهێنن، لە سەرجەم شارەكانیش لیژنەی بەدواداچوون دروستدەکرێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure