کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا گۆڕانکاری بەسەردا هات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 8075‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لەگەڵ هاتنی یەکەم شەپۆلی سەرما لەهەرێمی کوردستاندا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتیان گۆڕانکاری بەسەردا هات، کارەبای سلێمانیش هۆشیاری دەدات بە حکومەت.


سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەئێستادا خواستێکی زۆر لەسەر کارەبای نیشتمانی دروستبووە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، هەر لەگەڵ یەکەم سەرمای ئەم وەرزەدا".

راشیگەیاند: "کارەبا بووەتە بەدیلی سوتەمەنی، ئێمە هەر لەسەرەتای وەرزی هاوین حکومەتمان لەم مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە ئەگەر نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش نەکرێت کارەبا خواستی لەسەر دەبێت، هاووڵاتیان سپلیت و هیتەر دادەگیرسێنن گەر نەوتیان پێنەدرێت".

ئەوەشی وت: "لەئێستادا رۆژانە نۆ کاتژمێر کارەبا کەمیکردووە بەهۆی زۆری لۆدەوە و رۆژانە دەتوانین 15 بۆ 16 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین بۆ هاووڵاتیان".

داواش دەکات: "حکومەتی هەرێم پەلە بکات لەپێدانی نەوت بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی تەنیا هاووڵاتیان پشت بەکارەبا نەبەستن".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure