خه‌ڵاتێکی جیهانى پێشكەش به‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

یه‌كێتى پێشكه‌وتنى ئه‌ڵمانى كه‌ سه‌دان ئه‌ندام له‌ گشت جیهان له‌ناویدا هه‌یه‌، خه‌ڵاتى سیاسه‌تمه‌دارى بوێری بۆ ساڵى 2019 پێشكەش به‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، سه‌رۆكى پێشووى HDP  له‌ باکوورى كوردستان كرد.

كۆمه‌ڵه‌کە لەبەرامبەر هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و بوێره‌كانى له‌و پارچه‌یەى كوردستان ناسراوه‌ و ماوه‌یه‌كى درێژه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا خراوەته‌ زیندان و چه‌ندین جاریش دادگایى كراوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ى ئازاد بكرێت، خه‌ڵاته‌كه‌ش له‌ لایه‌ن هاوسه‌رى ده‌میرتاش، باشاك ده‌میرتاش له‌ شارى ستۆكهۆڵم پایته‌ختى وڵاتى سوید وه‌رگیراوە.

هاوسه‌رى ده‌میرتاش له‌ كاتى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌كه‌ دا وتى: "وه‌ك ده‌زانن ئێستا سه‌ڵاحه‌دین به‌ دوورى هەزاران كیلۆمه‌تر له‌ناو زینداندایه‌، به‌ڵام هه‌ر لێره‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ به‌ وه‌رگرتنى ئه‌م خه‌ڵاته‌ زۆر دڵخۆشه‌ و پێى ده‌ڵێم له‌ شه‌ڕكردن به‌رده‌وام به‌‌، تۆ و هه‌موو ئه‌و زیندانیانه‌ى به‌ نادادپه‌روه‌رى دادگایی كران به‌ زووترین كات ئازاد ده‌كرێن".

ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا له‌ 4ی تشرینى دووه‌می 2016 سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشیان له‌گه‌ڵ ئانزاك فیگان و چه‌ند په‌رله‌مانتارێکى هەدەپە ده‌ستگیركرد و خستیاننه‌ زیندانه‌وه‌.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ى وه‌رگرتنى ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ به‌ هه‌موو هێزێك له‌ دژایه‌تیكردنى زوڵم به‌رده‌وام ده‌بین و واز له‌ هه‌موو ئه‌و بنه‌ما و پیرۆزییانى خۆمان ناهێنین، هه‌ر چه‌نده‌ فشارێكى زۆرمان له‌سه‌ره‌، لێره‌وە رایده‌گه‌یەنین بوێرى ئێمه‌ له‌ خه‌ڵكى خۆمانه‌وه‌‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت".

كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كێتى پێشكه‌وتن له‌ ساڵى 2013 دامه‌زراوه‌ و 140 ئه‌ندامى له‌ گشت جیهان هەیه‌ و كار بۆ سه‌رخستنى بنه‌ماكانى دیموكراسى و یه‌كسانى ره‌گه‌زى و به‌ده‌ستهێنانى دادپه‌روه‌رى و ئاشتى ده‌كات.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure