ژنە پەرلەمانتارێکی کورد بۆ پۆستێکی جیهانی کاندید دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 541‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

رێکخراوی پێشکەوتنخوازی جیهانی کە سەر بە سۆشیال ئینتەرناشناڵ-ه‌و زیاتر لە 100 ئەندامی هەیە، ساڵی 2013 لە ئەڵمانیا دامەزراوە و دواین کۆنگرەی رۆژی هەینی رابوردوو (15ى تشرینی دووەمی 2019) ئه‌نجامدا و تیایدا پێشنیاری دامەزراندنی بۆردێکی تایبەت بە ژنان کرا.

 لە کۆنفرانسەکەدا باس لەوە کراوە کە بۆردێکی تایبەت بە ژنانی ئەندامی باڵای حیزبەکانی ئەندام لە رێکخراوەکە، پێكبهێنرێت و داواکراوە هەر حیزبێک کە ئەندامی رێکخراوەکەیە، ژنێک وەک کاندید بۆ بۆردەکە دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی یەکەمین کۆنگرەی خۆیان لە سوید ببەستن.

ژنێکی کورد کە هاوکات پەرلەمانتاری عێراق-ه‌ له‌سه‌ر لیسى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاندید کرا بۆ ئەو بۆردە، به‌مه‌ش یه‌كه‌م ژنه‌كورد ده‌بێت كه‌ ببێتە ئەندامی باڵای بۆردی رێکخراوی پێشکەوتنخواز.

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌، بە دواڕۆژی وت: "دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابوردوو کۆنگرەی رێکخراوەکە کرا، من وەک ‌ ئه‌ندامی‌ بۆردی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌  پێشكه‌وتنخوازی‌ سوید هه‌ڵبژێردرام و لە کۆی سەد ئەندامی کۆنگرەکە توانیم 88 دەنگ بەدەستبهێنم کە دەیان سەرۆک وەزیر و سەرۆک حیزب و سەرۆک پەرلەمانى جیهانی تیادایە".

لەبارەی کاندیدکردنی پەرلەمانتارێکی یەکێتی، سەعدی پیرە وتی: "لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا بۆردی ژنان بۆ رێکخراوەکە دروستبکرێت، ئێمەش بەهۆی ئەوەی تاکە حیزبین کە ئەندامی رێکخراوەکەین لە سۆشیال ئینتەرناشناڵ، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارماندا خاتوو جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کاندید بکەین بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی بۆردەکە".

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ بۆردی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌  پێشكه‌وتنخوازی‌ سوید وتیشی: "دکتۆرە جوان دەبێتە نوێنەری هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان و تاکە ژنی کورد دەبێت لەو رێکخراوە جیهانییەدا".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure