باسی ئەمڕۆ: ژیان له‌ سێبه‌رى دیكتاتۆریدا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 104‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

زۆر ترسناكه‌ مرۆڤ بیر له‌ فه‌وتان و له‌ناوچوون بكاته‌وه‌ له‌ جیهانێكدا كه‌ بوونى ئه‌مى به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بێت. فه‌وتانێك كه‌ هیچ كه‌س نه‌یبینیبێت و نه‌یبیستبێت. كرۆكى خه‌باتى مرۆڤایه‌تى له‌ڕاستیدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م ترسه‌یه‌. خه‌باته‌ بۆ ئه‌وه‌ى جیهان بوونى ئێمه‌ بسه‌لمێنێت. 

هه‌ژارى و دواكه‌وتوویى و حوكمڕانى ملهوڕ و سه‌ركوتكه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌ هیچ واتایه‌ك بۆ ژیان ناهێڵنه‌وه‌ له‌و كه‌شوهه‌وایه‌دا، بیرۆكه‌ى خۆكوشتن و پێش ئه‌و سه‌رهه‌ڵگرتن و ئاواره‌ بوون په‌ره‌ ده‌سێنن. 

زۆر به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى راسته‌خۆ و ناڕاسته‌خۆ ئه‌م دۆزه‌خه‌یان وێنا كردووه‌ كه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ ژیانى ناو زیندانه‌كان باشتر و مسۆگه‌رتره‌ له‌ ژیانى ئه‌و جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌. هه‌ندێكجار دۆخه‌كه‌ هێنده‌ سه‌خت و ئاڵۆز و بێ چاره‌ دێته‌ به‌رچاو كه‌ ئیتر مردن و ژیان و ته‌نانه‌ت خۆكوشتنیش هیچ بایه‌خ و گرنگییه‌كیان نامێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كه‌ ناخى مرۆڤه‌كان ئازار ده‌دات هه‌ستكردنه‌ به‌ هیچ به‌ پووچبونى واتاكانى ژیان و یه‌كسانبوونى له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ئیتر هه‌موو مه‌سه‌له‌كان بچووك و بێ كاریگه‌ر ده‌بن ژیان و مردن و غه‌یب و ته‌نانه‌ت باوه‌ڕه‌ ئاینییه‌كانیش قسه‌ى ناخ و سه‌ر زاره‌كى خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ر بریتى ده‌بێت له‌ گوزارشتكردن له‌ بێ نرخى ژیان و كڵۆڵى و كوێره‌وه‌رییه‌كانى مرۆڤ. 

دۆزه‌خه‌كه‌ واى لێ دێت كه‌ پێچه‌وانه‌ى باوه‌ڕ بریتى نه‌بێت له‌ بێ باوه‌ڕى به‌ڵكو بریتى ده‌بێت له‌ كه‌مته‌رخه‌مى و گوێ پێ نه‌دان. ئه‌م گوێ پێ نه‌دانه‌ شوێنى مه‌رگیش و دڵڕه‌قى و جه‌للادیش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌مته‌رخه‌مى ده‌بێته‌ بێ ده‌نگى و بێ هه‌ڵوێستى بینه‌رانى به‌ڕێزیش كه‌ مرۆڤ ته‌نگى پێ هه‌ڵده‌چنێت و په‌یداكردنى بژێوى رۆژانه‌ى بۆ ژیانێكى مه‌مره‌ و مه‌ژى ئیتر خۆكوشتن ره‌نگه‌ ببێته‌ تاقه‌ رێبازى ئازادى، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستى پێوه‌ ده‌گرێت و خه‌سارى ناكات و درێژه‌ ده‌دات به‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ى كه‌ به‌رده‌وام بوون تیایدا ته‌نیا كه‌لـله‌ڕه‌قى كوێرانه‌یه‌ دژى كوێره‌وه‌رى و بێ هیوایی، بگره‌ دژى خودى ژیانیش كه‌ بێ هوده‌ ده‌ڕوات. 

ئه‌مه‌ جه‌وهه‌رى ئه‌و گوێ پێنه‌دانه‌یه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفه‌كان باسى ده‌كه‌ن. كاتێك كه‌ ئه‌م گوێ پێنه‌دانه‌ له‌ ناو ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگەیه‌كدا بڵاوده‌بێته‌وه‌ وه‌ك هه‌ستێكى ده‌سته‌جه‌معى به‌رامبه‌ر به‌ ژیان ئیتر ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌م ده‌توانن ببنه‌ قوربانى و هه‌م ده‌توانن ببنه‌ تاوانكاریش. پابه‌ند نابن به‌ هیچ كۆت و پێوه‌ندێكى ره‌وشتى و جوانناسى به‌رامبه‌ر به‌ ژیان و مرۆڤ.

له‌ كۆمه‌ڵگەى ئاوادا مرۆڤ بۆى هه‌یه‌ ببێته‌ قوربانى حه‌ڵاڵكردنى هه‌موو جوانى به‌هاكان یان بۆى هه‌یه‌ ببێته‌ تاوانكارێك كه‌ ژیانى ئه‌و خه‌ڵكه‌ گه‌مه‌یه‌ك بێت به‌ ده‌ستیه‌وه‌، هه‌ندێكجار ده‌بێته‌ هه‌ردووكیان، ده‌بێته‌ بۆریه‌ك سته‌م و توند و تیژى و حه‌ڵاڵكردنه‌كان له‌سه‌ركوتكه‌رى گه‌وره‌وه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ قوربانییه‌ك كه‌ ئه‌ویش له‌ڕێى خۆیه‌وه‌ ده‌بێته‌ سته‌مكار به‌سه‌ر قوربانییه‌كى دیكه‌وه‌.

ئه‌م بازنه‌ داخراوه‌ بێ كۆتایى ده‌سوڕێته‌وه‌. رۆژانه‌ ده‌بینین و ده‌بیستین خه‌ڵكانێك ده‌مرن یان ده‌كوژرێن یان خۆكوژى ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ى ده‌وروبه‌ره‌كه‌ هه‌ڵوێستێك بنوێنێت. رووداوه‌كه‌ دیمه‌نێكى ئاساییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگەیه‌كدا كه‌ هیچ شتێك به‌هاى نیه‌ و هیچ رووداوێك نابێته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان. 

خۆ ئه‌گه‌ر نووزه‌یه‌كیش به‌رزبێته‌وه‌ دژى سه‌به‌بكاره‌كانى سته‌م و نادادپه‌روەرى ئه‌وا ئاسانترین رێگە شێواندنى ناوبانگ و ئابڕووى كه‌سه‌كه‌یه‌ ڤیدیۆى له‌سه‌ر دروست ده‌كرێت و بڵاوده‌بێته‌وه‌، ده‌ست وه‌رده‌درێته‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌ره‌ تایبه‌ته‌كانى خۆى و خێزانه‌كه‌ی و ئه‌ڵقه‌ نزیكه‌كانى ده‌وروبه‌رى. ئامانجه‌كه‌ش ملكه‌چكردنى هه‌مووانه‌ كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ژیان و ئاینده‌ و رابوردووت خاپور ده‌كرێن.

ده‌مێكه‌ كۆمه‌ڵناسه‌كان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ گرنگترین هۆكارى خه‌مۆكى له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا نه‌بوونى ئاینده‌یه‌. هه‌موو كه‌س له‌ سبه‌ینێى خۆى ده‌ترسێت، ئه‌و ترسه‌ زیاتر ئێخه‌ى گه‌نجانى گرتووه‌ كه‌ رۆشناییه‌ك بۆ ئاینده‌یان هێشتا نه‌هاتووەته‌ ئاسۆوه‌. نه‌ حكومه‌ته‌كان وه‌ك جارى جاران پارێزه‌رى لانى كه‌مى ژیانى هاووڵاتیانن نه‌ كۆمپانیا و كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كانیش دڵنیا و پشت ئه‌ستوورن به‌ ئاینده‌ى خۆیان، كه‌واته‌ بێ هیوایی مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ ناشتوانى خۆتى لێ بدزیته‌وه‌.

له‌ ڕووى زانستییه‌وه‌ ناوچه‌كانى بیركردنه‌وه‌ له‌ رابوردوو له‌ مێشكدا هه‌مان ئه‌و ناچانه‌ن كه‌ بیر له‌ ئاینده‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ كاتێك مرۆڤ رابوردوویه‌كى باشترى بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا هیچ هه‌ستێكى خۆشى بۆ ئاینده‌ نابێت به‌ دڵناییه‌وه‌ تووشى سترێس و نائارامى ده‌روونى ده‌بێت. كه‌واته‌ كۆمه‌ڵگەكانى ئێمه‌ و مانان به‌ڕاستى هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر سه‌لامه‌تى ده‌روونیمان. ئێمه‌ له‌ كوردستاندا لانى كه‌م ئامارێكى به‌راوردكردنیشمان نیه‌ له‌سه‌ر خه‌مۆكى و تێكڕاى خۆكوشتن له‌ 10 ساڵى رابوردوودا تا بتوانرێت وه‌ك كۆمه‌ڵگەکانى دیكه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هیچ نه‌بێت ئه‌م مه‌ینه‌تیه‌ باس بكرێت و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى بدرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure