هه‌وڵده‌درێت گه‌ڕه‌كه‌ زیاده‌ڕەوەكانی شارێکی کودستانی تاپۆ بكرێن

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 616‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای كرد: "له‌هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌ زیاده‌ڕەوەكانی كه‌ركوك ‌تاپۆ بكرێن".

مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: "له ‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و راسپاردنیان وه‌ك په‌رله‌مانتار تا ئه‌ركی چاودێری و به‌دواداچونی كاره‌كانی پارێزگا بكه‌ن، چه‌ند دانیشتنێكیان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌كرداری ده‌ستیان به‌ كار نه‌كردووه"‌.

وتیشی: "له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان كۆبووینه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ تا له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی ساڵی 2019دا گه‌ڕه‌كه‌ زیاده‌ڕەوەكانیش بگرێته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كانی كوردن. له‌هه‌وڵداین له‌ماوه‌ی ساڵێكدا سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ زیاده‌ڕەوانه‌ی ئێستا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌رپلانی پارێزگاكه‌دا هه‌ژماركراون، تاپۆ بكرێن به‌پێی ئه‌و میكانیزمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستنیشانیان ده‌كات".

له‌دوای ساڵی 2003 و گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كانی كه‌ركوك، به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ چه‌ند شوێنێكی جیاوازی شاره‌كه‌ زه‌وی نیشته‌جێبوونیان بۆ ته‌رخانكرا و له‌ئێستادا بوونه‌ته‌ گه‌ڕه‌ك، دیارترینیان (په‌نجا عه‌لی و شۆراو و كوردستان و رووناكی و بارزان)ن.

به‌ڵام راكان سه‌عید پارێزگاری كاتیی كه‌ركوك، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان زیاده‌ڕەون، هیچ پرۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریی له ‌بودجه‌ی ساڵی 2019دا بۆ ته‌رخان نه‌كردوون.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure