كوڕی بەرپرسێک زه‌وی شاره‌وانی دەبەخشێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2608‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کەرکوک

قوته‌یبه‌ی كوڕی راكان جبوری پارێزگاری كاتیی كه‌ركوك به‌كه‌فاله‌تی 200 ملیۆن دینار ئازادكراوه‌ به‌هۆی تێوه‌گلانی له‌دابه‌شكردنی سه‌دان مه‌تر دووجا زه‌وی شاره‌وانی به‌سه‌ر چه‌ند مامۆستایه‌كی زانكۆی شاره‌كه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان له‌هۆزی جبورن.

قوته‌یبه‌ی راكان جبوری خوێندكاره‌ له‌كۆلێژی یاسای زانكۆی كه‌ركوك، به‌وته‌ی مامۆستایانی كۆلێژه‌كه‌ ناوبراو به‌ته‌نیا له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا ئاماده‌ ده‌بێت و رۆژانی ئاسایی ده‌وام ناكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌شی له‌گه‌ڵدا بكرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌زانكۆی كه‌ركوك به‌هۆی هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ ناوی لای دواڕۆژ پارێزراوه‌ ئاشكرایكرد: قوته‌یبه‌ به‌هاوكاری چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی نزیكی خۆی له‌دیوانی پارێزگای كه‌ركوك، سه‌دان مەتر دووجا زه‌وی له‌سێ گه‌ڕه‌كی جیاوازی شاره‌كه‌ دابه‌شكردووه‌ به‌سه‌ر چه‌ند مامۆستایه‌كی زانكۆكه‌یدا كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌هۆزی جبورن و كه‌سانی نزیكی راكان جبوری باوكین.

وتیشی: "قوته‌یبه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی غه‌رناته‌، واسیتی و قودس زه‌وییه‌كانی به‌خشیوه‌ به‌مامۆستاكان كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌ویانه‌ موڵكدارییەتییەكه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌وانی و به‌پاڵپشتی ناوبراویش بینای له‌سه‌ر كراوه‌ و به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕەو و نایاساییش كراونه‌ته‌ خانوو".

سه‌رچاوه‌كه‌ی زانكۆ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌شی ئاشكراكرد كه‌ زه‌وییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌، وتی: "یه‌كێك له‌زه‌ویه‌كانی به‌خشیوه‌ به‌ د.خالید خه‌لیل جبوری راگری پێشووی كۆلێژی په‌روه‌رده‌، یه‌كێكی دیكه‌ی به‌خشیوه‌ به‌ د.عه‌لی حسێن جبوری كه‌ ئه‌و كاته‌ی زه‌وییه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌ یاریده‌ده‌ری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ بووه‌ و دواتر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌مانگێك كراوه‌ته‌ راگری كۆلێژی ئاداب و له‌ئێستادا ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی زانكۆیه‌".

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی زانكۆ، د. هاشم عه‌لی جبوری مامۆستای یاسای ده‌ستوری له‌كۆلێژی یاسا یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و كه‌سانه‌ی زه‌وی وه‌رگرتووه‌، و دوو پارچه‌ زه‌ویشی به‌خشیوه‌ به‌ محه‌مه‌د ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی نووسینگه‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر له‌كه‌ركوك.

له‌كۆتایی مانگی رابوردوودا له‌لایەن نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كه‌ركوك فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ ژماره‌یه‌ك له‌كارمه‌ندانی دیوانی پارێزگا ده‌رچوو به‌تۆمه‌تی تێوه‌گلانیان له‌چه‌ند دۆسیەیه‌كی گه‌نده‌ڵی، له‌نێویاندا قوته‌یبه‌ی كوڕی راكان جبوری و برایه‌كی راكان جبوری و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆربه‌ی به‌شه‌ هه‌ستیاره‌كانی پارێزگا گرتووه‌.

هه‌فته‌ی رابوردووش له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراقه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرابوو كه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 6 به‌رپرسی به‌ش له‌دیوانی پارێزگا ده‌رچووه‌ له‌نێویاندا سكرتێر و به‌رپرسی نووسینگه‌ی پارێزگار، له‌گه‌ڵ به‌رپرسی به‌شه‌كانی وردبینی، ژمیاریاری، گرێبه‌سته‌كان و سه‌رۆكی هه‌ردوو لیژنه‌ی موشته‌ریاتی یه‌ك و دوو هەبوو.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له‌دۆسیەكه‌ راكان جبوری پارێزگاری كاتیی كه‌ركوکه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی پاره‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كان و خه‌رجكردنی بۆ كڕینی خواردن و میواندارێتی.

به‌پێی زانیارییه‌كانیش كه‌ له‌ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌دواڕۆژ دراوه‌، دادوه‌ری تایبه‌ت به‌ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی بانگهێشتی راكان جبوری كردووه‌ بۆ به‌رده‌م دادگا به‌هۆی دانپێدانانی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی پێشتر ده‌ستگیركراون و له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌.

مه‌ریوان نادر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئاگادارین كه‌ چه‌ند بابه‌تێكی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر راكان جبوری و 12 كه‌سی دیكه‌ی ئیداره‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌ستپاكی كه‌ركوكه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ستن به‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌باره‌یانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

وتیشی، قوته‌یبه‌ی كوڕی راكان جبوری و 12 كه‌سی دیكه‌ی نزیكی راكان جبوری كه‌ تێوه‌گلاون له‌گه‌نده‌ڵییه‌كان، له‌لایه‌ن دادگای كه‌ركوكه‌وه‌ ئازادكراون به‌كه‌فاله‌ت به‌بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ده‌ستگیركراوه‌كان تا ئه‌و كاته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واو ده‌بن و دادگا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌دات.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure