مۆسیقاى خه‌مناك

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 110‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ رۆژه‌ ناخۆشه‌كانى ژیانتدا، شتێكى ئاسایی و چاوه‌ڕوانكراوه‌ حه‌ز به‌ گوێگرتن له‌ مۆسیقاى خه‌مناك بكه‌یت. له‌كاتى تێپه‌ڕبوونماندا به‌ بارودۆخێكى سه‌خت و حاڵه‌تێكى ناخۆشى ده‌روونییدا زۆربه‌مان په‌نا ده‌به‌ینه‌به‌ر گۆرانییه‌ خه‌مناكه‌كان له‌كاتێكدا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كاردانه‌وه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بێت چونكه‌ ماقووڵتر وایه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ خراپه‌دا گوێ له‌ گۆرانى دڵخۆشكه‌ر و ریتمى خێرا بگرین. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچى له‌كاتى دڵته‌نگیدا حه‌ز له‌ گۆرانیى خه‌مناك ده‌كه‌ین؟

بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، توێژینه‌وه‌ى زانستیى پێویست ئه‌نجامدراون له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى جیهاندا. ئه‌نجامى توێژینه‌وه‌كان دوو لایه‌نى سه‌ره‌كییان ئاشكرا كردووه‌: 

یه‌كێكیان ئه‌و ستراتیجه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌یگرێته‌به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى مۆسیقا خه‌مناكه‌كه‌دا و دووه‌میشیان ئه‌و ئه‌ركه‌یه‌ كه‌ مۆسیقا جێبه‌جێى ده‌كات، به‌ڵام گرنگترین خاڵ كه‌ توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخست ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ گوێ له‌ مۆسیقا ده‌گرێت كه‌ به‌رده‌وامیى بدات به‌ حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌كه‌ى ئه‌و كاته‌ى، یاخود مۆسیقا به‌كارده‌هێنێت وه‌ك بزوێنه‌رێك بۆ بیركه‌وتنه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانى كه‌سێك یان رووداوێكى دیاریكراو یاخود بۆ به‌هێزكردنى مه‌زاجی ئه‌و چركه‌ساته‌یان و هه‌ستكردن به‌ هیوا و گه‌شبینى.

مرۆڤى خه‌مناك كه‌ گوێ له‌ مۆسیقاى خه‌مناك ده‌گرێت ده‌یه‌وێت هه‌تا ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌دا بژى تا ئه‌وكاته‌ى ده‌توانێت تێى بپه‌ڕێنێت. هه‌ندێكى تر كه‌ له‌ بارى ده‌روونیى خراپدا ده‌بن، په‌نا بۆ مۆسیقاى خه‌مناك ده‌به‌ن بۆئه‌وه‌ى به‌ یارمه‌تى مۆسیقاكه‌ بتوانن بگرین، چونكه‌ دواى گریانه‌كه‌ هه‌ست به‌ ئارامى ده‌كه‌ن.

ده‌روونناسه‌كان ده‌ڵێن"سه‌ركوتكردنى هه‌سته‌كانى ناوه‌وه‌ ده‌ره‌نجامى پێچه‌وانه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ مرۆڤ به‌ گشتى له‌كاتى شكست و خه‌مباریدا گوێ له‌ مۆسیقاى خه‌مناك ده‌گرێت".

توێژینه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ له‌سه‌ر مۆسیقا كه‌ ساڵى 2015 له‌ ژێر ناونیشانى (ئامانجه‌كانى رێكخستنى سۆز له‌ حاڵه‌تى خه‌مباریدا) بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌ڵێت"مرۆڤى خه‌مبار بۆ رێكخستنى دۆخى هه‌ست و ده‌روونیان، پێیان باشه‌ گوێ له‌ مۆسیقاى خه‌مناك بگرن، چونكه‌ مرۆڤ كه‌ مه‌زاجى خراپ ده‌بێت پێى خۆشه‌ ئه‌و بژاردانه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ مه‌زاجه‌كه‌یان ده‌پارێزن نه‌ك ئه‌و بژاردانه‌ى كه‌ چاكیان ده‌كه‌ن". 

ئه‌م ئه‌نجامگیرییه‌ پێچه‌وانه‌ى لۆجیك و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌ كه‌ مرۆڤى خه‌مۆك به‌ دواى چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێت تا ئه‌و نیشانانه‌ى له‌ كۆڵبێته‌وه‌، ئیتر بۆچى پێى خۆشه‌ گوێ له‌ مۆسیقاى خه‌مناك بگرێت.

توێژینه‌وه‌یه‌كى تازه‌ كه‌ له‌سه‌ر كه‌سانى خه‌مۆك ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ریخستووه‌ مرۆڤى دڵته‌نگ زیاتر حه‌زى له‌ گوێگرتنه‌ له‌ مۆسیقاى خه‌مناك، واتا مۆسیقایه‌ك كه‌ ریتمێكى هێواش و نزمى هه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ مۆسیقایه‌ وایان لێده‌كات هه‌ست به‌ حه‌وانه‌وه‌ و دڵخۆشیى بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌یش مۆسیقاى خه‌مناك هه‌ستى ئارامیى به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، ئه‌و ئارامى و بێ ده‌نگیه‌ی كه‌ له‌كاتى خه‌مناكیدا زۆرمان پێویسته‌. 

پوخته‌ى باسه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ((گوێگرتن له‌ مۆسیقاى خه‌مناك وا له‌ مرۆڤ ده‌كات پشوو بدات هه‌ستى ئارامى و حه‌وانه‌وه‌ ده‌به‌خشێت و له‌ ئه‌نجامدا مه‌زاجى مرۆڤ چاك ده‌كات ، هه‌ستى نه‌رێنى ناهێڵێت)). 

پ: ل. م
دا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure