"قوباد تاڵەبانی سوپرایزێك بۆ خەڵكی سلێمانی دەكات"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 22577‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەداهاتوویەكی نزیكدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی رادەگەیەنێت، ئەوەش "سوپرایزێكی قوباد تاڵەبانییە بۆ سلێمانی".


مەلا یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئەمڕۆ 17ی تشرینی دووەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: چاوەڕوان دەكەین لەئایندەیەكی نزیكدا كاك قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت دەستپێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی رابگەیەنێت كە ئەوەش زۆر گرنگە و كاریگەری زۆر بۆ بواری وەبەرهێنان دەبێت.

ناوبراو روونیكردەوە: بۆ ئەو پڕۆژەیە رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی حكومەت وەرگیراوە و بەمنزیكانە كاك قوباد ئەو سوپرایزە بۆ خەڵكی سلێمانی رادەگەیەنێت.

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری پڕۆژەیەكی ستراتیژییە بۆ شاری سلێمانی و بەوتەی شارەزایانی هاتووچۆ و رێگەوبان، بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە، كێشەی زۆر بۆ شارەكە چارەسەر دەكات.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure