بەرپرسێک دەستی لەکارکێشایەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1130‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەردەواميی ئەنجامدانی زیادەڕۆیی لەسەر  موڵکی گشتی، بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا-ی سەر بە قەزای شارەزوور دەستلەکارکێشانەوەی لە بەڕێوەبەری ناحیە ئاراستەی قایمقامی شارەزوور کرد و پارێزگاری سلێمانی-يش دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵکرد.


کامەران عەبدوڵـلآ بەڕێوەبەری دەستلەکارکێشاوەی ناحیەی وارماوا، بە دواڕۆژی راگەیاند"دةستم لەكاركێشايەوە وەک هەڵوێستێکی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو زیادەڕۆییە گەورەیەی کراوەتە سەر بەشێک لەپارچە زەوی ژمارە (۲۹کەرتی ٤۱ى دیسکەرە) لەژێر ناوی (مەیدانی ئاژەڵان) کە سەرەڕای بڕیای دادگا و وەزیری ناوخۆ بە تێکدان و هەڵگرتنی زیادەڕەویەکە، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ناحیە چوارجار فەرمانی رووخاندن و لابردنی زیادەڕەویەکەی دەرکردووە، بەڵام تائێستا ئەم زیادەڕۆییە لەجێی خۆی ماوەتەوە."

وتيشى:"بڕیارماندا دەست لەپۆستی بەڕێوەبەرێتی ناحیەی وارماوا بکێشمەوە و داوای بەخشینمان کرد لەم ئەرکەی سەرشانمان، پارێزگاری سلێمانی لە 13/11/2019 رەزامەندیان لەسەر داواکاریەکەمان دەربڕی".

بەرێوەبەری پێشووی ناحیەی وارماوا دەڵێت:"ئەو پارچە زەویەی زیادەڕۆیی کراوەتە سەر، لەڕووی شارستانی و ژینگەییەوە شوێنەکەی زۆر نەگونجاوە و پڕۆژەیەکی ناپێویستە بۆ ناحیەکە، لەگەڵ ئەوەيشدا مۆڵەتی نیە و  لەوەيش خراپتر ئەوەیە کە لەئێستادا مامەڵەی خەمڵاندن و بەکرێدان بۆ ئەم پڕۆژەیە کراوە، بەڵام لەسەر سورەت قەید و موڵکێکی تر کە هی ئەو موڵکە نیە زیادەڕۆیی لەسەرکراوە، بۆیە لەمڕۆوە کارەکانی ناحیەی وارماوا لەلایەن قایمقامیەتی قەزای شارەزوورەوە ڕایی دەکرێت تا ئەوکاتەی کەسێکی تر دیاريی دەکرێ وەک بەڕێوەبەری ناحیە".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure