حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست دروستكرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 2784‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی داده‌مه‌زرێن ناكۆكییان هه‌یه‌ و حكومه‌تیش لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ وه‌رگرتنی داتاكان له‌باره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ پێكهێناوه ‌و به‌شێوه‌ی قۆناغبه‌ندیش فه‌رمانیان بۆ ده‌رده‌كات.

چوارشه‌ممه‌ی رابوردوو، 14ی تشرینی دووه‌م، په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكردنی ره‌شنووسی دامه‌زراندنی گرێبه‌ستی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی راگرت و پانزده‌ ڕۆژی داوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ناردنی بۆچوونی خۆیان. 

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش له‌ 14ی تشرینی دووه‌م لیژنەیەکی تایبەتی بۆ کۆکردنەوە و زانیارییه‌كان له‌باره‌ی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست دروستكرد.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌، په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی شێوازی دامه‌زراندن و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌، حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هیچ یاسایه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رنه‌كرێت، به‌ڵكو هه‌ر به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌ حكومه‌ت هه‌یه،‌ فه‌رمانبه‌ران له‌ گرێبه‌سته‌وه‌ بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی.

دواڕۆژ زانیویه‌تی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست زیاتر له‌ 30 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره،‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندی داوه‌ كه‌ 21 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێندرێت، چونكه‌ به‌شێك له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ مه‌رجی دامه‌زراندنیان تێدا نییه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی خزمه‌تی كه‌متر له‌ 3 ساڵیان هەیه ‌‌و به‌شێكیش ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان نییه ‌و به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ دامه‌زراون له‌ شوێنی فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ستی دیكه‌ دامه‌زراون و به‌شێكیش ته‌مه‌نیان گه‌وره‌یه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لیژنه‌یه‌ی پێكهێناوه‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به‌ كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری له‌باره‌ی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست، پاشان به‌شێوه‌یه‌كی قۆناغبه‌ندی فه‌رمانی دامه‌زراندن بۆ وه‌زاره‌ت لەدوای وه‌زاره‌ت ده‌رده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure