"ساڵانە نریکەی 10 هەزار کەس بەڕووداوی هاتووچۆ بریندار دەبن"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 112‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێکی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت "رەوشی هاتووچۆ بەگشتی لەهەرێمی کوردستان باش نییە و ساڵانە نزیکەی ۱۰ هەزار کەس بەڕووداوەکانی هاتووچۆ بریندار دەبن و هەزار کەسیش گیان لەدەست دەدەن".

نەقیب بەهمەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری رادیۆی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ ۱۷ی تشرینی دووەمی ۲۰۱۹ لەڕۆژی جیهانی هاتووچۆ بەدواڕۆژی راگەیاند "بەگشتی رەوشی هاتووچۆ لەکوردستان لەئاستی چاوەڕوانییەکانی ئەوان نییە، چونکە هەرێمی کوردستان بەراورد بەوڵاتانی دراوسێ ژمارەی دانیشتوان و ئۆتۆمبێلی کەمترە، بەڵام ژمارەی رووداوەکان زیاترن لەقەبارەی دانیشتووان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: لەکوردستان ساڵانە نزیکەی هەزار کەس بەڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن و نزیکەی ۱۰ هەزاریش بریندار دەبن، بۆیە ئامانجیان کەمکردنەوەی رووداوەکانە.

ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆ لەساڵی ۱۹۹۳ لەلایەن ڕێکخراوێکەوە لە بریتانیا دروستبوو بەناوی کۆمەڵەی سەلامەتی ڕێگاوبان، کە لە هەوڵدا بوون بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و چالاکی جۆراو جۆریان دەکرد لە بواری هاتوچۆدا، بۆیە بە هەوڵی ئەو ڕێکخراوە توانرا تاکو ساڵی ۱۹۹٨ ڕۆژی قوربانیانی هاتوچۆ لە سەرتاسەری ئەوروپا بناسێنرێت.

پاشان لە ساڵی ۲۰۰٤ لە دوای چەندین کۆبوونەوە لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆ دانی پێدانرا و بە جیهانی کرا، کە تێیدا (سێیەم یەک شەممەی مانگی ۱۱)ی هەموو ساڵێک دیاری کرا بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە و یەکەم یادکردنەوە لە ساڵی ۲۰۰٥ بەڕێوەچوو، لەو ڕۆژەدا چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێت و هۆشیاری و ئاگاداری و هەوڵی جۆراوجۆر دەدرێت بۆ ڕێگری کردن لە زیاد بوونی کارەساتەکانی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قوربانییەکان.

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure