لەبارەی دانانی ڕێژەی %2 بودجە بۆ هەڵەبجە ڕوونكردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 142‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


دوای ئەوەی ڕێژەی %2 ی بودجەی پارێزگاكان بۆ هەڵەبجە دیاریكرا، ناڕەزایەتی زۆری هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەكانی ئەو شارەی لێكەوتەوە.

 
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان لە بەغداوە تا ساڵی ٢٠١٤ هاتووە و لە هەرێم بەسەر پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەڕێژەی دیاری كراو و بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەشكراوە و هەڵەبجە پشكی هاوشێوەی قەزاكانی تر لە سلێمانی بە پێی ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە و ناحیەكانی خورماڵ و سیروان و بیارە وەرگرتووە و لە %5 ی پارێزگای سلێمانی و %2 ی هەرێمی بۆ دانراوە و ئەو ڕێژەیە كۆنە و بۆ ئایندەش هەمان پێوەرە".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم دابەشكارییە و مانەوەی بودجەی پرۆژەكان و زیادەكەی لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت چەند جارێك باسكراوە و بەیاداشت لە یەكێك لە خاڵەكان دا لە سەردانیدا بۆ هەڵەبجە پێیان دراوە و لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان باسكراوە و ساڵی 2017 ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە 104 لە بڕگەی دووەم بڕیاری جیاكردنەوەی بودجەی هەڵەبجەی دا لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەو بڕیارانە تائێستاش نەچونەتە بواری جێبەجێكردن.

وتیشی: "زیادكردنی بودجە پێویستی بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەیە كە ڕێژەكەی بۆ هەڵەبجە زیاد بكات و دەسەڵاتی هیچ پارێزگار و وەزیرێك نییە و باشترین بژاردەش ئەوەیە لە بودجەكانی تر قەرەبووی كەمیی بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە".
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە بودجە نابێت بەپێی ژمارەی دانیشتووان مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا بكرێت، چونكە بودجەی تایبەتی پێویستە بەپێی مادەی هەشت یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٥، هەروەها لە دابینكردنی میلاك پێویستی بە دامەزراندن هەیە بۆ دروستكردنی فەرمانگەكان و بەدەر بێت لە ڕاگرتنی فەرمانی دامەزراندن. 

بەوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر، چارەسەری بنەڕەتی لای سەرۆكی حكومەتە و كابینەی پێشوو سەرۆكی حكومەت نەیتوانی بیكاتە خەمی خۆی سەردانێك یان كۆبونەوەیەك لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بكات، بۆیە دەبێت سەرۆكی ئێستای حكومەت یان چارەسەری بكات بەتەواوی یان بە ئاشكرا ڕایبگەیەنن كە چارەسەركردنی گرفتەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەمان پێمان چارەسەر ناكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure