دواڕۆژ
رابەری باڵای ئێران، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رایگەیاند "بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین دەبێت وەك خۆی كاری لەسەر بكرێت و جێبەجێبكرێت، لۆمەی دۆخی ئێستاشی خستە سەر ئەوانەی (دژی شۆڕش)ن وەك خۆی ناوی بردوون.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران لەزاری خامنەییەوە بڵاویكردۆتەوە، كە نیگەرانیی هەندێك هاوڵاتی رەسەنی ئێران بە هەند وەردەگیرێت، بەڵام ئاژاوە و سووتاندنی موڵكی گشتی، كاری دژە شۆڕشەكانە و نابێت بقۆزرێتەوە.
بەهۆی زیادبوونی نرخی بەنزین و سووتەمەنی، لە شەوی هەینی رابوردوو 15ی تشرینی دووەمی 2019وە لە زۆربەی شارەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستیپێکردووە.
وتیشی: "پێویستە بڕیاری زیاد كردنی نرخەكانی سووتەمەنی لەئێران وەك خۆی جێبەجێبكرێت".
خۆپیشاندانەکان دژی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی لە شارەکانی تارانی پایتەخت، مەشهەد، هەمەدان، شیراز، ئەهواز، بەهبەهان، سیرجان، خوڕەمشەهر و موحەممەرە و شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەستی پێکردووە.
لەزۆربە شارەکانی ئێران خۆپیشاندەران دروشمی رووخانی حکومەت لێدەدەن، بەمەش پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویدا.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکانی ئێران بەهۆی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سیرجان کەسێک کوژرا و لە شارەکانی کرماشان و تەبرێزیش بریندار هەن.
هاوکات بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکان چەندین شوێن لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندران، لەنێویاندا بەنزینخانەیەک و بانکێکی ئێران.
حکومەتی تاران نرخی لیترێک بەنزینی لە هەزار و 500 تمەنەوە بۆ 3 هەزار و 500 تمەن زیاد کرد ئەمەش شەقامی ئێرانی هەژاند و خەڵکی تەواوی شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێرانی هێنایە سەر شەقام.