فەرماندەی پێشووی سواتی کەرکوک لەبارەی سزاکەیەوە روونكردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 476‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

کۆتایی هەفتەی رابوردوو دادگای تاوانی کەرکوک سزای لەسێدارەدانی بەشێوەی غیابی دەرکرد بۆ فەرماندەی پێشووی سواتی پارێزگاکە و شەش کەسی دیکەی تیمەکەی، ناوبراویش لەڕێگەی دواڕۆژەوە روونکردنەوە دەدات.


دادگای کەرکوک لەسەر دۆسیەی رفاندنی هاوڵاتییەک بەناوی ئەحمەد جەماسی کە چەند ساڵێک بەر لەئێستا رفێندراوە و دواتر بەرامبەر بە دوو دەفتەر دۆلار ئازادکراوە، بەشێوەی غیابی سزای لەسێدارەدانی بۆ نەقیب لوئەی محەمەد فەرماندەی پێشووی سواتی کەرکوک دەرکردووە.


نەقیب لوئەی محەمەد فەرماندەی پێشوی سواتی کەرکوک بەدواڕۆژی راگەیاند: دۆسێ لەسەر سێ بنەما دروستدەبێت کە بریتین لە روودانی تاوانێک یا بوونی گەواهیدەر یاخود دانپێدانانی تاوانبارێک لەسەر کەسێک، بەڵام لەدۆسێکەی مندا هیچ یەکێک لەو بنەمایانە نییە، بۆیە بابەتەکە بەتەواوەتی سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بەراستیەوە نییە.

وتیشی: "تەنانەت کاتێک ناوی من بەدۆسێکەوە دەلکێنرێت، سکاڵاکەرەکە چوەتە لای دادوەر و ” رەفع الشک و اشتباە “ی کردووە تاوەکو ناوی من لەبابەتەکە لاببرێت، چونکە نزیک و دوور منی تێدا نەبووم".

ئەوەشی خستەڕوو کە تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە، لەدانپێدانانەکانیشیدا بەهیچ شێوەیەک ناوی منی نەبردووە.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس هەڕەشەی ئەوەشیکرد کە ئامادەیە تەواوی بەڵگەکان بڵاوبکاتەوە کە بێ تاوانی دەسەلمێنێت، بەڵام کۆمەڵێک کەس لەپێناو خراپکردنم ئەو کارەیان کردووە.

نەقیب لوئەی محەمەد لەپێکهاتەی کوردە، ماوەی چەند ساڵێک فەرماندەی هێزی سواتی کەرکوک بوو، بەڵام لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ ژمارەیەک لەئەفسەرو کارمەندانی تیمەکەی کەرکوکیان بەرەو سلێمانی بەجێهێشت بەهۆی تۆمەتبارکردنیان بە چەند تاوانێک و لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا.


بەڵام ناوبراو رایدەگەیەنێت کە ئەو تۆمەتانەی رووبەڕوویان کراوەتەوە بریتی بووە لە کوشتن و رفاندن و دزین و تیرۆر کە لە سەرجەم ئەو تۆمەتانە بێ تاوان دەرچووە لە دادگای کەرکوک.


نەقیب لوئەی راشیگەیاند "هۆکاری سەرەکی تۆمەتبارکردنی بەو دۆسێیانە دوورخستنەوەیان بووە لەو هێزە کاریگەرەی شارەکە تاوەکو لەدەستی کورددا نەمێنێت، دوای دورخستنەوەی ئەوانیش راستییەکەی بۆ خەڵک رونبووەوە کە تەنها مەبەست دەستگرتن بوو بەسەرسەرۆکایەتی هێزە تایبەتەکەدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە