ده‌سته‌ی شوێنه‌واری هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی جیاده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 356‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ڕەزامەندی داوە كە بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی جیا بكرێته‌وه‌و بكرێته‌ دەستەیەكی سه‌ربه‌خۆ.

نزار مه‌لا عه‌بدولغه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن  لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی داوە بەوەی كە شوێنەوار كە سەر بەوەزارەتی شارەوانییە، جیا ببێتەوە و ببێتە دەستەیەكی سەربەخۆ".

وتیشی: "بۆ پەرلەمانی كوردستانیش بەهەمان شێوە له‌ لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار شوێنه‌واریشی بۆ زیاد ده‌كرێت و هەنگاوی داهاتوو دەبێتە هەنگاوی كرداری كە دروستكردنی دەستەیەكە هەروەك ڕێكخستنی دەستەكەش پێویستی بەڕێككاری یاسایی دەبێت".

هاوكات نادر كەریم، بەڕێوبەری گشتی شوێنەواری هەولێر بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "دروستكردنی دەستەی شوێنەوارو كەلەپور كە ئێمە ئەو ناوەمان پێ باشە لەسەر داوای خودی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بووە كە پێی باش بووە گرنگی بەشوێنەوار بدرێت".

بەوتەی ناوبراو، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوایان لێكردوون‌ هەیكەلی ئیداری دەستەكە چۆن بێت و چی لەخۆ بگرێت، ئامادە بكەین.

وتیشی: "ئەنجومەنی وەزیران داوای ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای دەستەكەیان كرد ئەویشمان ئامادەكردووە كەسودمان لەوڵاتانی دەوروبەرو بەغداش وەرگرتووە لەئامادەكردنی ڕەشنوسەكە و لەگەڵ خودی وەزیری شارەوانیش كۆبونەوەیەكمان ئه‌نجامدا پێشنیازی بۆ ئێمە كرد كه‌ ره‌شنووسه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ین". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمە پێمانباشە دەستەكە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure