دروستكردنی هێزی نیشتمانی پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسییە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 279‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


پێشمەرگە ناوێكی نامۆ نییە لەهەرێمی كوردستان، بەڵكو سیمبوولی نەتەوەیەكە و مێژوویەكی دوور و درێژی لەخەبات وەرگرتووە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە یەكبخرێت و بكرێتە هێزێكی نیشتمانی، بەوتەی بەرپرسانی هەرێم كە لەئێستادا جەختی لەسەر دەكەنەوە هەوڵەكان بۆ یەكخستنی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن و لەئایندەدا كوردستان دەبێتە خاوەن هێزێكی چەكداری نیشتمانی.


لە دوایین وتاری فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە، جەخت لەسەر درووستكردنی هێزی نیشتمانی كراوەتەوە و هەوڵەكانیش لەو پێناوەدا بەردەوامن.


نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوایین وتاری هەفتەی ڕابوردوو لە زاخۆ ڕایگەیاند "نابێت پێشمەرگە ببێتە هێزی حیزب و درووستكردنی هێزی نیشتمانی پێداویستییەكی هەنووكەییە".


ئاماژەی بەوەشكرد، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێزێكی چەكداری نیشتمانی خاوەن دیسپلین و پرەنسیپی پێشكەوتووە، هێزی یەكگرتوو،خاوەن بیرو باوەڕی نیشتمانی لەسەرووی هەموو مەبەستێكی سیاسی،حیزبی، نەتەوەیی، ئاینی و مەزهەبیەوە بێت، هێزێكی گوشراو لەسەر بنەما مرۆییەكان و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە جەنگ پێكبهێندرێت.


ڕوونیشیكردەوە، پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هێزێكی خاوەن مۆڕاڵ و ئاشتیخواز و ژیاندۆستن،لەجیهاندا بە سیمبولی بەرگری لە ئیرادە و ئازادی بەها مرۆییەكان ناسراوە و دەبێت ئەو نازناوە بەپیشەیی و كردەیی ڕەنگبداتەوە.


ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت: "ساڵانێكە خەڵكی كوردستان بەو ئاواتەوەن هێزێكی نیشتمانی بێلایەن و دوور لە دەستی حیزب درووستبكرێت ئەمەش پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی هەیە".


جەمال حەوێز ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئێمە وەك لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان هیچ هەنگاوێكمان نەناوە، چونكە دەزانین ئەو پرسە لەدەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، بەڵكو زیاتر پەیوەندی بە ڕێككەوتنی سیاسییەوە هەیە".


وتیشی: "بەهۆی ئەوەی زەمینەی سیاسی لەنێوان هەردوولادا لەبار نییە، بۆیە كارەكان خێرانین و گرفت لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە دا دروستبووە".


ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا 12 لیوای پێشمەرگە تێكەڵن و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام هێزەكانی یەكەی  70 كە سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە و هێزی یەكەی 80 سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەریەكەیان زیاتر لە 100 هەزار پێشمەرگەی لەخۆگرتووە و سەر بەو دوو حیزبەن.


جەمال حەوێز ڕوونیشیكردەوە، هەردوو حیزب نیەتیان هەیە بۆئەوەی هێزێكی نیشتمانی درووستبكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی هەمووی جێبەجێنەكراوە كاریگەری لەسەر یەكگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەگە و ئەو چاكسازییانەش دروستكردووە كە لەكارنامەی حكومەتدا هەیە.


مستەفا چاوڕەش فەرماندەی یەكەی 70ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند "بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی گشتی فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە كۆبوونەوەی دووەم ئەنجامبدەین و لەبارەی پرسی ڕێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە گفتوگۆ بكەین".


ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكۆبوونەوەی یەكەم لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك فەرماندەی یەكەی 70ی سەر بەیەكێتی و نەجات عەلی فەرماندەی یەكەی 80  سەر بەپارتی گلەیی و گازندەی خۆمان ڕاگەیاندووە و گفتوگۆكانمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم ئیجابی بووە، بەڵام بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كاتی زیاتری پێویستە و هەوڵی بەردەوامی دەوێت.


لیوا دلێر میران، بەڕێوەبەری چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بۆ جێبەجێكردنی پلانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆی 35 خاڵ پێنجی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەشت پڕۆژەی تر دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە".


وتیشی: "پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و پاڵپشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش بۆ ئەو مەبەستە هەیە تا دەگاتە لوتكە و ئاستی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەنیشتیمانیكردنی".


ئاماژەی بەوەشكرد، بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەكە،وەزارەتی پێشمەرگە هەندێك لە ئەفسەرە بەتواناكانی بردووەتە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمەش كاریگەری باشی لە بەرەوپێشبردنی كارەكان دەبێت.


هاوكات بەختیار محەمەد ڕاوێژكار لە وەزارەتی پێشمەرگە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دانانی سیستەمی بانكی و سیستەمی بایۆمەتری بۆ پێشمەرگە و دانانی سیستەمێكی سەربازی سیتراتیژی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە و كاریان لەسەر دەكرێت".


وتیشی: "بەپێی ئەو كارنامەیەی لە چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، پێداچوونەوە بەهەموو یاساكانی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و خانەنشینی دەكرێت و پڕۆژەیەك بۆ دروستكردن و دانانی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق  بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان لەگەڵ پێداچوونەوە بە میلاكات و شێوەی كار و بەرنامەی وەزارەتی پێشمەرگە دادەنریت".


لیوا بەختیار محەمەد دەشڵێت: "چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر پەیوەندی بە ڕێككەوتنی سیاسی پارتی و یەكێتی و بەشێك لەحیزبەكانەوە هەیە و دەبێت پاڵپشتی بكرێت ئەمەش وێڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم لەبەرنامەیدایە ئەو چاكسازییە ئەنجامبدات لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە پشتگیری هاوپەیمانەكان و حكومەتی عیراقی و ڕاهێنانی سەربازی و پێدانی چەك و پارە هەیە بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.


هاوكات لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش لە هەفتەی ڕابوردوودا بەشێكی تەوەرەكە بریتیبوو لە چاكسازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێك لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشكەشكرا، جەخت لە هەنگاوەكانی وەزراەتی پێشمەرگە كراوەتەوە لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەتایبەت یەكگرتنەوەی یەكەكانی 70 و 80ی سەر بە یەكێتی و پارتی .


ئەگەرچی هەوڵەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە بە پاڵپشتی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ یەكخستنەوەی یەكەكانی 70 و 80ی سەر بە یەكێتی و پارتی و درووستكردنی هێزی نیشتمانی بەردەوامن و چەندین ڕاوێژكاری سەربازی  یاسایی  بیانی و ناوخۆیی كار لەسەر چاكسازییەكان و دروستكردنی ئەو هێزە نیشتمانییە دەكەن، بەڵام بەڕای شارەزایان و سیاسییەكانیش تاكو زەمینەیەكی لەبار لەنێوان دوو هێزی دەسەڵاتداری كوردستان درووستنەكرێت ئەو پڕۆسەیە هەنگاوەكانی خێرا نابن، بۆیە چاوی خەڵك و میللەت لە یەكڕیزی و ڕێككەوتنی هەردوو حیزبی پارتی و یەكێتییە تاوەكوو دواجار كورد ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure