کاسبکارە گەڕۆکەکان دانیشتوانی رانیە هەراسان دەکەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 500‌ جار بینراوە

راپۆرت

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
فۆتۆ : محەمەد مستەفا


"بەیانی زوو بێت یاخود درەنگانی شەو کات و دەم نازانن، بە دەنگی بەرز بە گەڕەکەکاندا هاوار دەکەن و هەمووانیان بێزار کردووە، لە کۆڵانێکدا دەیان جار بە دەنگی زۆر بەرز هاوار بۆ کڕین فرۆشتن دەکەن و خەوی منداڵانیان زڕاندووە و گەورەکانیشی هەراسان کردووە".

ئەمانە وتەی دانیشتوانی زۆرێک لە هاوڵاتیانی گەڕەكەکانی قەزای رانیەیە سەبارەت بەو کاسبکارانەی کە بە ئۆتۆمبێل و دەنگ گەورەکەر (موکەبەرە) کانیان لەناو گەڕەکەکانی ئەو قەزایە کاری کڕین و فرۆشتن ئەنجام دەدەن و رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەی ئەو جۆرە کاسبکاریە روو لە زیاد بوون دەکات  .


"هێشتا خۆر هەڵنەهاتووە بە هاوار هاوار گەورە و بچوک خەبەری بۆتەوە "

عەبدوڵا مستەفا دانیشتویەکی قەزای رانیەیە لە باسی بێزاری خۆی لەو کڕیار و فڕۆشیارانە بە دواڕۆژی وت: "بە داخەوە ماوەیەکە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری بچوک و دەنگ گەورەکەر (موکەبەرە)یەکەوە کەوتونەتە کاسبی کردن کە بە تەواوی بۆتەهۆی بێزاربوونی هاوڵاتیان، چونکە بەیانی زوو بێت یاخو درەنگانی شەو یا هەر کاتێکی تر ئەوان لە کۆڵانێكدا دەیان جار بەو دەنگە بەرزە هاوار دەکەن بۆ فرۆشتن یاخود کڕینی کەلوپەل" .


عەبدوڵا باسی لەوەشکرد، دیاردەکە بە جۆرێکە کە زۆربەی جار هێشتا خۆر بە تەواوی هەڵنەهاتووە گەورە و بچوکی گەڕەک بە دەنگی ئەو کاسبکارە گەڕۆکانە خەبەریان بۆتەوە، راستە ئەوان کاسبی دەکەن و بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە، بەڵام ناکرێت بەو جۆرە ناشارستانی و بێ بەرنامەییە کار بکەن، پێویستە لایەنی ئەمنی قەزای رانیە چارەسەری ئەو گرفتە بکات و میکانیزمێک بۆ ئەو جۆرە کارە بدۆزنەوە، چونکە بە تەواوی هاوڵاتیان هەراسان بوون .


حەسەن عومەر کە پیشەی مامۆستایە، دەڵێت: "چۆن هاوڵاتیانی گەڕەكەکان بێزار بوون لەو دیاریدەیە بە هەمان شێوە ئەو دیاریدەیە خوێندکار و مامۆستایانی لە خوێندنگاکانیش بێزار کردووە، چونکە جار هەیە لەکاتی وانەیەکی 40 خولەکی 3 تا 4 جار ئەو کاسبکارانە بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن و دەبنەهۆی تێکدانی کەشی خوێندن لە هۆڵەکانی خوێندنگا" .


"هەرچەندە ئێمە کاسبی دەکەین و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم کارەیە، بەڵام خەڵکیش ناحەقی نییە لێمان بێزار بێت".

حەسەن حاجی خدر پیاوێکی تەمەن 40 ساڵە و ئەو لەڕێگەی ئۆتۆمبێلەكەیەوە لە گەڕەکەکانی رانیە سەرقاڵی فرۆشتنی بەرهەمی پەتاتەیە سەبارەت بە گلەیی هاوڵاتیان و کاسبیەکەیان بۆ داڕۆژ رایگەیاند "بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر رووی کردۆتە ئەم ئیشە، بۆیە بەداخەوە خەڵکانێک هەن کە رووی کاسبکارە باشەکانیشیان ناشرین کردووە، چونکە دەم و کات نازانن و رۆژ تا ئێواره کۆڵانە و کۆڵان بە دەنگی زۆر بەرز هاوار دەکەن خەڵک ناحەقیان نییە لێیان بێزار بن .

حەسەن وتیشی: "من و زۆر کەسی وەک من بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە، بەڵام پێویستە هاوشێوەی غاز فرۆشەکان لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئێمەش بە یاسایەک کاسبیەکەمان بۆ رێک بخات شێواز و کاتی ئیشکردنمان دیار بێت بۆ ئەوەی ئێمەش کاری خۆمان بکەین و هاوڵاتیانیش بێزار نەکەین "


" سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە بە هاوبەشی لەگەڵ قائمقامیەت و بەشی ئابووری ئاسایشی رانیە لە هەوڵدان بۆ رێکخستنی ئەو کاسبکارانە بە شێوەیەکی شارستانی "


" ئەم دیاریدە ناشارستانیە کۆنتڕۆڵ دەکەین و میکانیزمێک بۆ کارکردنی ئەو کاسبکارانە دادەنێین "

حوسێن مەحمود قائیمقامی قەزای رانیە بە دواڕۆژی راگەیاند "بەداخەوە ماوەیەکە هاوڵاتیان بێزاری خۆیان لەو دیاریدە ناشارستانییانە دەربڕیوە کە بووەتەهۆی بێزاریی ئەوان بە تایبەت لە رووی بەکارهێنانی (موکەبەرە) ، بێگومان لە ئێسادا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دەستیان داوەتە ئەو جۆرە کاسبیە و ژمارەشیان لە زیادبوون دایە .

حوسێن مەحمود روونیشکردەوە، ئەوان وەک قایمقامیەت پێشتر رێکاری تایبەتیان بۆ ئەو جۆرە کاسبکارانە داناوە کە نەبێتە هۆی بێزاری هاوڵاتیان، بەڵام بەداخەوە ئەو کاسبکارانە پێوەی پابەند نەبوون، بەڵام لەئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەکانی قەزاکە سەرقاڵی دانانی رێکاری پێویست و شارستانین بۆ ئەو جۆرە کاسبیە کە بە هیچ شێوەیەک نەبێتە هۆی بێزاری هاوڵاتیان و دەبێت سەرجەم کاسبکارانیش پابەندی ئەو رێکارانە بن .



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure