دایك و باوكێك منداڵه‌كه‌یان له‌ برسا كوشت

هەواڵ / جیهان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2101‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دوو هاوسه‌ر بڕیاریاندا سیستمى خۆراكى توند له‌گه‌ڵ منداڵه‌ ته‌مه‌ن چه‌ند مانگه‌كه‌یاندا په‌یڕه‌و بكه‌ن، به‌ڵام منداڵه‌كه‌ نه‌یتوانى خۆی بگرێت له‌به‌رده‌م خواردنى سه‌وزه‌ و میوه‌دا و گیانى له‌ده‌ستدا.

رۆژنامه‌ى زه‌ میترۆی بەریتانى  بڵاوی كرده‌وه‌: هه‌ر یه‌ك له‌ ریان ئه‌ولیری ته‌مه‌ن 30 ساڵ و شیلا ئه‌ولیری ته‌مه‌ن 35 ساڵ هه‌فته‌ى پێشوو له‌ كیب كوراڵ له‌ فلۆریدا دوای گیان له‌ده‌ستدانى  منداڵه‌ ته‌مه‌ن 18 مانگه‌كه‌یان ده‌ستگیر كراون. 

منداڵه‌كه‌ كێشی 8 كیلۆ بووه‌ كه‌ كێشێكى زۆر كه‌م بووه‌ له‌چاو  ئه‌و ته‌مه‌نه‌، پۆلیسی كیب كوراڵ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه: دوای توێكاری ته‌رمى منداڵه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌  توشی به‌دخۆراكی بووه‌ دوای ئه‌وه‌ى توشی وشكبونه‌وه‌ بووه‌  و جگه‌ری وشك بووەته‌وه‌ و ده‌ست و پێی ئاوساوه‌.

پێشتر دایكه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ فریاکەوتنەوە كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ى ده‌زانێت منداڵه‌كه‌ى هه‌ناسه‌ نادات و له‌كاتى گه‌یشتنى تیمى فریاگوزاری  پێیان راگه‌یاندوون كه‌ منداڵه‌كه‌یان گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

پۆلیس له‌گه‌ڵ دایك و باوكه‌كه‌ قسه‌ى كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ى بینیویانه‌ هه‌ردوو مناڵه‌كه‌ى تریان كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 3 بۆ 5 ساڵانه‌ ره‌نگ زه‌رد و لاوازن.

به‌رپرسان  ئه‌و منداڵانەیان كێشاوه‌ و بینیویانه‌ كێشیان زۆر كه‌مه‌ له‌چاو ته‌مه‌نیان و یه‌كێك له‌منداڵه‌كان ددانه‌كانی ره‌ش بووه‌ و خراپ بووه‌.

شیلا ئولیری به‌ پۆلیسی وتووه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ى رووه‌كین و ته‌نیا سه‌وزه‌ و میوه‌ ده‌خۆن  و شیری خۆی داوه‌ به‌ منداڵه‌كان، وتووشیه‌تى منداڵه‌كه‌ى ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ شیری نه‌خواردووه‌.

دوای گیان له‌ده‌ستدانى منداڵه‌كه‌ دایك و باوكه‌كه‌ خۆیان راده‌ستى پۆلیس كردووه‌ و به‌تۆمه‌تى كوشتنى نا ئه‌نقه‌ست ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure