"زیاتر لە 200 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیكارانی هەولێر دراوە"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

قایمقامی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار سزای ئەو كەسانە دراوە كە سەرپێچییان كردووە، زیاتر لە 100 تۆن خۆراك و دەرمانی خراپ و ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە، دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتیان كە لیژنەكانیان رێگری دەكەن لە بوونی كاڵای خراپ و ماوەبەسەرچوو لە بازاڕەكاندا".

ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەمی 2019 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: لە 1/1ی ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە 200 ملیۆن دینار سزای ئەو شوێنانە بووە کە بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراون، بە سەدان تۆن خۆراك و دەرمانیش دەستیان بەسەردا گیراوە، بەسەدان شوێنیش داخراون، چەندین كەیس رەوانەی دادگا كراون، ئەو كافتریایانەی بەدەر لە رێنماییەكان كاریان كردووە داخراون، دەیان كافتریا كە بوونەتە هۆی بێزاركردنی خەڵك یان شوێنی قومار كردن هەمویان داخراون، لە ئێستادا هیچ شوێنێك نیە بە ئاشكرا قوماری تیادا بكرێت.

وتیشی: "لە ماوەی رابوردوودا دەستمان بەسەر چەند كۆگایەكی خۆراك و دەرمان و دەرمانی ڤێتێرنەری و دەرمانی كشتوكاڵیدا گرت لەوانە پێش دوو رۆژ كۆگایەك دەستی بەسەردا گیرا کە بڕێكی زۆر دەرمانی ماوە بەسەرچوویان تیادا بوو كە تایبەت بوو بە پەلەوەر و ئاژەڵ و ماسی، كەیسەكەیان رەوانەی دادگا كرا و چوار كەس دەستگیركران،  دوو كەسی تریش بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو، كۆگایەكی تری خۆراك دەستی بەسەردا گیرا".

راشیگەیاند: ئێمە وەكو قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر سەرپەرشتی 28 لیژنە دەكەین، رۆژانە كارەكانیان لە ناو هەولێر و دەوروبەری ئەنجام دەدەن لەهەموو روویەكەوە بۆ چاودێری خۆراك، دەرمان، دەرمانی كشتوكاڵ، قڕكەرەكان، دەرمانی ڤێتێرنەری، پاڵاوگەكان، موەلیدە ئەهلییەكان، سوتەمەنی، رێكخستنەوەی بازاڕ، ئەو لیژنانە بەردەوام كاردەكەن.

ئەوەشی خستەڕوو: هاووڵاتیان ترسیان لەوە نەبێت كە هیچ خۆراكێك لەهەولێر شایەنی خواردن نیە، راستە كۆگایەك دەستی بەسەردا گیراوە كە هی براندێكی دیاریكراو بوو بڕێك خۆراكی تیادا بوو، رێكاری پێویستی لەبەرامبەردا گیرایەبەر، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت خۆراكی تری ئەو براندە یان لەو  جۆرە شیاوی خورادن نین، لەسەر ئەوەی هەموی بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتەكانی تەندروستی و بازرگانی و كشتوكاڵ لە دەروازە سنوورییەكان دێنە ناو هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو بەرهەمانەی تر كە لە بازاڕدا هەن هیچ كێشەیەكیان نیە، بۆیە دەبێت هاووڵاتیان درك بەوە بكەن کە مەترسی نیە لەو جۆرە شتانە  لیژنەكانیشمان بەردەوام چاودێری بازاڕەكان دەكەن.

وتیشی: "لیژنەكانمان بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ چاودێریكردن و رێكخستنی بازاڕ،  پێویستیشمان بە یارمەتی هاووڵاتیانە ئەگەر ئەوان هاوكارمان بن ئیشەكانمان باشتر بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان هەر تێبینییەكیان لەسەر هەر شوێنێك یان هەر كاڵایەك یان هەر خواردن و خواردنەوەیەك هەبوو ئاگادارمان بكەنەوە بۆ ئەوەی رێكاری پێویست بگرینەبەر".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure