یەکێتی بەبێ رێککەوتنی ناوخۆیی هەنگاو بۆ بەستنی کۆنگرە دەنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 774‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

هەنگاوەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەیان گەرمبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام تائێستا باڵەكانی ئەو حیزبە لەسەر پرۆژەیەكی گشتگیر نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی تا بتوانن كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ئەنجام بدەن و سەركردەیەكی یەكێتیش دەڵێت: "رەنگە لەكۆنگرەدا موفاجەئە رووبدات".

بڕیارە رۆژی 7ی كانوونی یەكەمی 2019 كە دەكاتە مانگی داهاتوو یەكێتیی نیشتمانیی دوای نزیكەی 10 ساڵ، كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، ئەم كۆنگرەیەش بۆ یەكێتی كۆنگرەیەكی تەواو جیاواز دەبێت، بەو پێیەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری ئەو حیزبە كۆچی دوایی كردووە و لەو كاتەشەوە تائێستا یەكێتی بەچەند هەوراز و نشێوێكدا تێپەڕیوە.

بڕیار رەشید، وتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ كۆنفرانسی هەڵبژاردنی كۆمیتەكان لەناوچە جیاوازەكاندا دەستیپێكردووە كە بەهۆی زۆریی كۆمیتەكان سێ رۆژ دەخایەنێت، لەهەر ناوچەیەكیش یەك رۆژە لە كاتژمێر 8ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆ.

ناوبراو روونیكردەوە: لەم هەڵبژاردنانەدا ئەندام كەرت و ئەندام و كارگێڕ كۆمیتە بەشدار دەبن و نوێنەری كۆمیتە بۆ مەڵبەندەكان و لەوێشەوە بۆ كۆنگرەی چوارەم هەڵدەبژێرن.

بەوتەی بەرپرسانی یەكێتی، ئەمجارە مەبەستیانە پەیكەربەندی حیزبەكەیان گۆڕانكاری گرنگی تیادا بكەن تا لەگەڵ هەلومەرج و دۆخی ئێستادا بگونجێت، بەڵام تائێستاش تەنیا دوو پرۆژەی سەرەكی هەیە، یەكێكیان پرۆژەی ئەنجومەنی ناوەندە و ئەوەی دووەمیش مەكتەبی رێكخستن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەركردایەتی یەكێتی كە ئاگاداری وردەكاری هەردوو پرۆژەکەیە بەدواڕۆژی راگەیاند: لەو دوو پرۆژەیەی لەبەردەستدایە هیچیان یەكلایی نەكراونەتەوە، چونكە بیرۆكەی دیكەشیان بۆ دێت، ئەوەی ئەنجومەنی ناوەند  باشتر و لایەنگیری زۆرترە، بەپێی ئەو پرۆژەیە ناوی ئەنجومەنی ناوەند بۆ ئەنجومەنی گشتی دەگۆڕدرێت و 121 ئەندام دەبن، دوای كۆنگرە سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەوەی مەكتەبی رێكخستن تاڕادەیەك وەك ئێستایە و هەموو دەسەڵاتەكان لای سەركردایەتی دەبێت، دەبێت پێش كۆنگرە باڵەكان لەگەڵ یەكدی دانیشتن بكەن،  بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی.

چەند رۆژێكە لەبەشێك لەمیدیاكان و سۆشیال میدیا باس لەوە دەكرێت، بۆ پەیكەربەندی داهاتووی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ دەكرێتە سەرۆكی قەوارەی یەكێتی، بەرهەم ساڵحیش سەرۆكی حیزبەكە، هەریەكە لەبافڵ تاڵەبانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێنە جێگری سەرۆكی حیزب.

سەرچاوەكەی دواڕۆژ وتی: "ئەوەش بیرۆكەیە و دەبێت گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، هێشتا كاتیش ماوە و مومكینە بگەنە رێككەوتن، پاشان ئەم رێككەوتنەی دەرەوەی كۆنگرە تەنیا رێككەوتنی سەركردەكانە و نازانرێت لەنێو كۆنگرەدا ئەو رێككەوتنە سەردەگرێت یان نا، چونكە ئەگەریش هەیە لەكۆنگرەدا موفاجەئە رووبدات".

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە: "بۆ نموونە ئێستا چەند كەسێك لەسەركردەیەكەوە نزیكن، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ هەموو بۆچوونەكانی ئەو سەركردەیەدا بن، گروپێكیش هەیە لەگەڵ هیچ گروپێكی دیكە نییە".

سەرچاوەیەكی دیكەش لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ دواڕۆژ روونیكردەوە: تائێستا بڕیار وایە كۆنگرە ببەسترێت و چەند پرۆژەیەك بۆ گۆڕانكاری لەهەیكەلیەتی یەكێتی هەیە، هەر تەوافوقێكیش بكرێت لەكۆنگرەدا یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام لەهیچ حیزبێكی دنیادا نییە پێش ئامادەكاری لەنێوان سەركردەكاندا، كۆنگرە ببەسترێت و حیزبەكەیان بدەنە دەست قەدەر.

بۆ ئامادەكاری كۆنگرەی حیزبەكەشیان، حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئێوارەی رۆژی 15ی تشرینی دووەمی 2019 دوای بەشداریكردنی لەچلەی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، بەمیدیاكانی راگەیاند: "بۆ كۆنگرە ئامادەسازیمان كردووە و مژدەش بەخەڵك دەدەین كۆنگرەیەك كە لەخزمەت حیزبەكەمان ببەستین و تائێستاش هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆنگرە نییە".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure