فۆڕین پۆلیسى: ئه‌ردۆغان ئه‌مجاره‌ش ترامپى هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند

هەواڵ / جیهان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 888‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ وتارێكیدا له‌ ماڵپه‌ڕى (فۆڕین پۆلیسى) هاتووه‌: سه‌رۆكى توركیا له‌م سه‌ردانه‌ى دواییدا بۆ ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتى گرنگى وه‌رگرت بێ به‌رامبه‌ر.


لارا سیگڵمان نوسه‌رى وتاره‌كه‌ ده‌ڵێت: ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵكه‌وت له‌م سه‌ردانه‌یدا قسه‌ بۆ راى گشتى ئه‌مریكى و ملیۆنه‌ها بینه‌رى نێوده‌وڵه‌تى بكات كاتێك له‌ ته‌نیشت دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ له‌ كۆشكى سپى راوه‌ستابوو.

ئاماژه‌شده‌دات: ئه‌ردۆغان به‌ ئاشكرا گاڵته‌ به‌ خۆرئاوا ده‌كات كاتێك كه‌ره‌سته‌ى جه‌نگى رووسى ده‌كڕێت و رۆژنامه‌نوسان زیندانى ده‌كات و هێرشێكى خوێناوى ده‌كاته‌سه‌ر باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا و رێگا به‌ چه‌كداره‌ عه‌ره‌بیه‌ سورییه‌كان ده‌دات تاوانى گه‌وره‌ ئه‌نجامبده‌ن كه‌چى ترامپ شه‌رمى له‌وه‌ نه‌كرد ستایشى ئه‌م هاوتا توركیه‌ی خۆى بكات.

ترامپ ووتى: (وه‌ك هه‌مووان ده‌زانن توركیا هاوپه‌یمانێكى مه‌زنى ناتۆ و هاوبه‌شێكى ستراتیجى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا). هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌ردۆغانى كرد سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ راگرتنى شه‌ڕ له‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا (هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕ و كوشتار هه‌ر به‌رده‌وامه‌). ترامپ ستایشى توركیاى كرد كه‌ به‌شدارى چالاكى هه‌یه‌ له‌ كرده‌وه‌كانى ناو ئه‌فغانستان و دژى داعش. 

فۆڕن پۆلیسى له‌ وتاره‌كه‌دا ده‌ڵێت: ترامپ خۆى دزیوه‌ته‌وه‌ له‌ باسكردنى ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ ئه‌ردۆغان و میلیشیا به‌كرێگیراوه‌كانى دژى هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى ئه‌نجامیانداوه‌ و به‌ ئاشكرا دیل و ژن و مناڵیان كوشتووه‌. كه‌چى ئه‌ردۆغان له‌ وتاره‌كه‌یدا هێرشى كرده‌سه‌ر هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌ كه‌ بڕبڕه‌ى پشتى هێزه‌كانى سوریایی دیموكراتن و رۆڵى زۆر گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌ نه‌هێشتنى ده‌سه‌ڵاتى داعشدا.

نووسه‌رى وتاره‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌ردۆغان زۆر به‌خته‌وه‌ره‌ كه‌ ترامپ ده‌رفه‌تى بۆ ره‌خساند له‌ كۆشكى سپیدا به‌رگرى له‌ خۆى بكات له‌كاتێكدا كه‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن شه‌و و رۆژ هێرشى ده‌كه‌نه‌سه‌ر. ترامپ بوارى بۆ ئه‌ردۆغان ره‌خساند كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌ جیهانیه‌كان ماوه‌ى 25 خوله‌كى به‌رده‌وام قسه‌كانى بڵاوبكه‌نه‌وه‌. 

سیگڵمان ده‌شڵێت: ده‌توانرا كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كۆشكى سپى بكرێت به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنى ژماره‌یه‌كى زۆر كێشه‌ى گه‌وره‌ى هه‌ڵواسراو له‌وانه‌ كڕٍینى مووشه‌كى رووسى له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى ئه‌مریكا و هه‌روه‌ها ئیمزاكردنى رێككه‌وتننامه‌یه‌كى بازرگانى به‌ بڕى 100 ملیار دۆلار كه‌ رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى توركیا ببێته‌ خاوه‌نى فڕۆكه‌ى جۆرى F35. 

وتاره‌كه‌ رونیشیده‌كاته‌ه‌: له‌و دیداره‌دا ئه‌ردۆغان هیچ به‌ڵێنێكى ئاشكراى نه‌داوه‌ بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ موشه‌كى جۆرى S400  كه‌ واشنتۆن پێیوایه‌ سیستمێكه‌ بۆ هه‌ڕه‌شكردنه‌سه‌ر فڕۆكه‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتووه‌كانى ئه‌مریكا دروستكراوه‌ و پسپۆڕانى بوارى سه‌ربازى ئه‌مریكا ده‌ڵێن: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت مووشه‌كى S400 و فڕۆكه‌ى جۆرى F35 پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك وڵاتدا بن.

له‌ كۆتاییشدا هاتووه‌: دۆناڵد ترامپ ئۆباڵى ئه‌و مامه‌ڵه‌ سه‌ربازییه‌ى نێوان توركیا و رووسیا ده‌خاته‌ئه‌ستۆى باراك ئۆباماى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا له‌كاتێكدا مه‌سه‌له‌كه‌ به‌وجۆره‌نیه‌ و ئه‌نقه‌ره‌ خۆى ده‌مێكه‌ بڕیاریداوه‌ مامه‌ڵه‌ى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ رووسیادا زیندوو بكاته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure