سبه‌ى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى له‌ شارێكى هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 12525‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

سه‌رپه‌رشتیارى دابه‌شكردنى نه‌وت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕى پێویست نه‌وتى سپى بۆ سنورى پارێزگاكه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ كۆگاكانیان و ده‌شڵێت: سبه‌ى ده‌ست به‌دابه‌شكردنى ده‌كرێت كه‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕى 46 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت.

 
ئاوات محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتارى دابه‌شكردنى نه‌وت له‌ دیوانى قایمقامیه‌تى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ بڕى پێویستى نه‌وتى سپى بۆ دابه‌شكردنى به‌سه‌ر هاوڵاتیانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ كۆگاكانمان، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو هه‌فته‌ى پێشوو ده‌ستبكرێت به‌دابه‌شكردنى، به‌ڵام به‌هۆى دیارینه‌كردنى نرخه‌كه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دواخرا.

وتیشى: "سبه‌ینێ ده‌ستده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنى نه‌وت و له‌ سه‌ره‌تاشدا ئه‌و حه‌وت هه‌زار ماڵه‌ نه‌وتیان پێده‌درێت كه‌ ساڵى رابوردوو نه‌وتیان وه‌رنه‌گرت، دوابه‌دواى ئه‌وانیش دابه‌شكردنى نه‌وت به‌رده‌وام ده‌بێت تا سه‌رجه‌م هاووڵاتیان به‌شه‌ نه‌وتى ئه‌مساڵیان وه‌رده‌گرن".

ئاوات محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نرخى 46 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌ كه‌ له‌ هاووڵاتیان وه‌ربگیرێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ رۆژانه‌ بڕى 72 هه‌زار لیتر نه‌وتمان به‌ده‌ستده‌گات، بۆ سه‌رجه‌م خێزانه‌كانیش پێویستیمان به‌ بڕى شه‌ش ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى هه‌یه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌شمان بۆ دابینكراوه‌ و هیچ گرفتێكمان نییه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure