سه‌عدى پیره‌: كۆنفڕانسى كۆمیته‌كان بۆ كۆنگره‌ ده‌ستیپێكردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 206‌ جار بینراوە
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، بڕیار محه‌مه‌د

سه‌عدى پیره‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: كۆنگره‌ى یه‌كێتى ئامڕازێكه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و ده‌شڵێت: كۆنفڕانسه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و ده‌رباره‌ى بارودۆخى عێراقیش ده‌ڵێت: گۆڕانكارى ده‌ستورى كاتێك ده‌بێت كه‌ سه‌قامگیرى هه‌بێت.


سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: كۆنفڕانسى كۆمیته‌كانى یه‌كێتى وه‌ك ئاماده‌كارى بۆ سازدانى كۆنگره‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

وتیشى: كۆنگره‌ى ئه‌م جاره‌ یه‌كه‌م كۆنگره‌یه‌ دواى وه‌فاتى سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌ ساڵى 2010ه‌وه‌ چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك ده‌توانێت خۆى بۆ ئه‌ركه‌كان هه‌ڵببژێرێت.

سه‌عدى پیره‌ ئاماژه‌شیدا: كۆنگره‌ ئامانج نیه‌، به‌ڵكو ئامرازێكه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و به‌رنامه‌ى سیاسى و حكومڕانى یه‌كێتى.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى عێراقیش وتى: بارودۆخى عێراق زۆر ئاڵۆزه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌یه‌ك
ژیان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ راوه‌ستاوه‌، له‌ به‌غداش رۆژانه‌ ده‌یان بڕیار ده‌رده‌چێت و جێبه‌جێناكرێت.

رونیشیكرده‌وه‌: له‌ كۆبونه‌وه‌ى فراوانى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێم جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌درێژایى ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ نه‌مانبینى خۆپیشانده‌رێك هێرش بكاته‌ سه‌ر هه‌رێم، به‌پێچه‌وانه‌ى لێدوانى هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان. ئه‌وه‌شى وت: خۆپیشاندانه‌كان دژ به‌ شێوه‌ى حكومڕانى و نه‌بوونى نان و خزمه‌تگوزارى و دژى گه‌نده‌ڵییه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئێمه‌ رێگرنین له‌ گۆڕانكارى ده‌ستور، به‌ڵام گۆڕانكارى كاتێك ده‌كرێت كه‌ جۆرێك له‌ سه‌قامگیرى هه‌بێت، بۆیه‌ له‌ بارودۆخێكى وادا گۆڕانكارى ناكرێت.

ئاماژه‌شیدا: نابێت له‌ گۆڕانكارى ده‌ستوردا ئه‌وه‌ى هاتووه‌ له‌باره‌ى قه‌واره‌ى سیاسى هه‌رێم و مافه‌كانى هه‌رێم ده‌ستكارى بكرێت، هه‌روه‌ها مافى پێكهاته‌كان و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئازادى و مافه‌ دیموكراتیه‌كانى خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ نابێت ده‌ستكارى بكرێت.

دوپاتیشیكرده‌وه‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سیستمى په‌رله‌مانینن، چونكه‌ سیستمى سه‌رۆكایه‌تى بووه‌ته‌ هۆى زیادبوونى گۆڕستان عێراق.

ده‌رباره‌ى پرسی دانانی پارێزگارى كوردیش بۆ كه‌ركوك سەعدی پیرە رایگه‌یاند: سستی لە دانانی پارێزگارە کوردەکەی شاری کەرکوک هەیە، ئەمەش هۆکارەکەی لای پارتییە کە لە هەنگاوەکان بۆ دانانی کەمێک لەسەر خۆن، بەڵام یەک رۆژ زووتر ئەو پارێزگارە دەستبەکاربێت باشترە، چونکە بۆ داهاتووی کەرکوک سودی دەبێت و هەروەها بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی ئێستای شارەکە کاریگەری دەبێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure