رۆحانی: به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین به‌سوودی هه‌ژارانی ئێرانه‌

هەواڵ / جیهان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 246‌ جار بینراوە
حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

سه‌رۆك كۆماری ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: 75% هاووڵاتیانی ئێران كه‌مده‌رامه‌تن و له‌ژێر فشاردان و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین-یش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه‌.


حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند: حكومه‌ت ماوه‌یه‌كی زۆربوو به‌نیازی هاوكاری و پاڵپشتی له‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كاندا بوو كه‌ 75%ى دانیشتووانی ئێران ده‌گرنه‌وه‌ و  له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره‌، به‌ڵام پێشتر نه‌یتوانی.

وتیشى: له‌ كۆتاییدا بڕیاردرا له‌ سه‌ره‌تای كانوونی یه‌كه‌مى داهاتوه‌وه‌ بڕێك پاره‌ وه‌كوو هاوكاری بدرێته‌ ئه‌و خێزانانه‌.

لێدوانه‌كه‌ى رۆحانى له‌كاتێكدایه‌ له‌ دوێنێوه‌ نرخى هه‌ر لیترێك به‌نزین له‌و وڵاته‌ سێ به‌رامبه‌ر زیادكراوه‌ به‌جۆرێك له‌ هه‌زار تمه‌نه‌وه‌ بووه‌ته‌ سێ هه‌زار تمه‌ن.

به‌پێى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئێران پڕۆژه‌ى هاوكارى خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان 18 بۆ 19 ملیۆن خێزان و نزیك به‌ 60 ملیۆن كه‌س ده‌گرێته‌وه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین-یش بۆ دابینكردنی  پاره‌ی ئه‌و هاوكارییه‌یه‌.

به‌هۆى بڕیارى زیادكردنه‌كه‌شه‌وه‌ دوێنێ لە شارەکانی (ئەهواز، شیراز، بەندەر عەباس، ماهشەهر و تاران) خۆپیشاندانى ناڕه‌زایه‌تى به‌ڕێوه‌چوو و له‌ چه‌ند شوێنێكیش رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویداوە و هێڵه‌كانى ئینته‌رنێتیش له‌و شارانه‌ پچڕان.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure