داهاتى فیلمى (جۆكه‌ر) یه‌ك ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێنێت

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 226‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

فیلمى (جۆكه‌ر) رۆژى هه‌ینى له‌ چه‌ندین ده‌رگاوه‌ چووه‌ ناو مێژووى سینه‌ماوه‌ پاش ئه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ى یه‌ك ملیار دۆلارى تێپه‌ڕاند.


به‌مه‌ش بووه‌ یه‌كه‌م فیلم له‌ جۆرى (R- ته‌نها بۆ كه‌سانى گه‌وره‌) كه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ به‌ده‌ستبهێنێت و به‌سه‌ر هه‌ردوو فیلمى (ماتریكس ریلۆد) و (دیدبول 2)دا سه‌ربكه‌وێت له‌ رووى داهاته‌وه‌.

فیلمه‌كه‌ كه‌ (یواكین فینیكس) رۆڵى پاڵه‌وانه‌كه‌ى ده‌گێڕێت، له‌ 4ى تشرینى یه‌كه‌مى رابوردوو ده‌ست به‌ نمایشى كرا و سه‌ركه‌وتنى له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ده‌ستهێنا، سه‌ره‌ڕاى تێچووه‌ ئاساییه‌كه‌ى (65.5 ملیۆن دۆلار).

(جۆكه‌ر) حه‌وته‌م فیلمى ئه‌مساڵه‌ كه‌ داهاتى ملیار تێده‌په‌ڕێنێت و یه‌كه‌مى فیلمى ده‌ره‌وه‌ى فیلمه‌كانى دیزنى یان مارفیل-ه‌ كه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ ده‌چنێته‌وه‌.

(یواكین فینكس) له‌ فیلمه‌كه‌دا رۆڵى پیاوێكى نه‌خۆش له‌ رووى ده‌روونیه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ به‌ڕێكه‌وت ناودار ده‌بێت پاش ئه‌نجامدانى توندوتیژى.

جۆكه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى خه‌یاڵییه‌. كه‌سایه‌تیه‌كه‌ى شه‌ڕانگێزه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌به‌نگ و كۆمیدییه‌. ناوى joker له‌ زمانى ئیگلیزى به‌ كه‌سێكى گاڵته‌جار دێت، واته‌ كه‌سێك گاڵته‌چى و نوكته‌باز بێت، به‌ڵام له‌ سینه‌ما و له‌ ره‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ى جۆكه‌ر ئه‌م مانایه‌ى له‌ ده‌ستداوه‌ و ماناى ترى وه‌رگرتووه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure