تۆمه‌تباری که‌یسی سێوان قادر و منداڵه‌کانی رووبه‌ڕووی دادگا ده‌کرێته‌وه‌‎

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 11624‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف


بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ مێردی سێوان‌ قادر ده‌چێته‌ به‌رده‌م دادگا و یه‌که‌م دانیشتنی که‌یسه‌که‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بنار عادل نادر پارێزەری کەیسەکە (ئەمڕۆ هه‌ینی 15ی تشرینی دووەمی 2019)، بەدواڕۆژی راگەیاند "رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 17ی ئه‌م مانگه‌ یه‌که‌م دانیشتنی دۆسیه‌ی سێوان قادر و سێ منداڵه‌که‌ی ده‌بێت، تایبه‌ت به‌ تۆمه‌تبار(د.م)"

راشیگەیاند "له‌یه‌که‌م دانیشتندا وته‌ (ئیفاده‌) له‌سکاڵاکاران به‌مافی که‌سێتی که‌ باوکی سێوان قادر و دایکی ده‌گرێته‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت، ئاگادارکردنه‌وه‌ش‌ بۆ چه‌ند شایه‌تحاڵێک چووه‌ و ده‌بێت ئاماده‌ی دادگاییکردنه‌که ‌بن، له‌م دۆسێیه‌دا زۆر شاهید و راپۆرت و وته‌ی کاتی لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌یه،‌ بۆیه‌ له‌ دانیشتنی یه‌که‌مدا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گیرێن و له‌ دانیشتنه‌کانی دیکه‌دا ده‌چینه‌ ناو گفتوگۆ و ورده‌کاری دۆسیه‌که‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو خانه‌واده‌ی سێوان قادر و مێرده‌که‌ی، ئه‌و پارێزه‌ره‌ وتی: "به‌پێی زانیارییه‌کانی ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئه‌و دوو خێزانه‌دا نه‌ماوه‌ و چه‌ند جارێک داوای ئاشته‌واییان کردووه‌، به‌ڵام ماڵی سێوان قادر به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئاشته‌واییان له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ ره‌تکردۆته‌وه‌".

ئێواره‌ی 16ی کانوونی یه‌که‌می ساڵی رابوردوو به‌هۆی ئاگرێکی گوماناوی‌ له‌ماڵێکی گه‌ڕه‌کی ئاسووده‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سێ منداڵ به‌ناوه‌کانی (دارین – لارین و ده‌وه‌ن)، که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدابوو گیانیان له‌ده‌ستدا و دایکیشیان به‌ناوی (سێوان قادر) سوتا و دوای هه‌فته‌یه‌ک ‌مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی زۆری و سه‌ختی برینه‌که‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 24ی هه‌مان مانگ گیانی له‌ده‌ستدا، باوکی سێوانیش (د.م) مێردی کچه‌که‌ی تۆمه‌تبار ده‌کات به‌و رووداوه و ده‌ڵێت "کچه‌که‌م و هه‌رسێ منداڵه‌که‌ی سوتاندووه‌‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure