حاكم قادر: تائێستا هیچ ئەگەرێك بۆ دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی نییە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 275‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند "ئامادەسازییان بۆ بەستنی كۆنگرەی حیزبەكەیان كردووە و هیچ ئەگەرێك بۆ دواخستنی نییە، جەختی لەپەیوەندییەكانی حیزبەكەیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كردەوە".


حاكم قادر حەمەجان، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەمی 2019 دوای بەشداریكردنی لەمەراسیمی چلەی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند "لەماوەیەكی كەمدا ئەو پۆستانەی پشكی یەكێتین لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیانە، پۆستەكانیش یەكلایی دەكەنەوە".

بۆ ئامادەكاری كۆنگرەی حیزبەكەشیان كە بڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت، حاكم قادر وتی: "بۆ كۆنگرە ئامادەسازیمان كردووە و مژدەش بەخەڵك دەدەین كۆنگرەیەك كە لەخزمەت حیزبەكەمان ببەستین و تائێستاش هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆنگرە نییە".

حاكم قادر باسی لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد و دەڵێت: "پەیوەندیمان لەگەڵ گۆڕان باشە و تائێستاش دووجار وەفدەكانمان دانیشتوون، نەخشەڕێگەی ئێمە نەخشەڕێگەی رێككەوتنە لەسەر هەموو بابەتەكان چ لەگەڵ گۆڕان، چ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، واتە یەكێتی بۆ ئەم قۆناغە و وەك ئەركی ئەم قۆناغە لەڕووی سیاسییەوە، یەكڕیزی گەلەكەمان و یەكڕیزی حیزبە كوردستانییەكان بەئەركێكی نیشتمانی دادەنێت و تەنها رێگەیەك لەبەردەم میللەتەكەماندا بێت ئەو یەكێتی و یەكڕیزییەیە، چونكە لەو رووداوانەی لەناوچەكەدا هەن دەبێت میللەتەكەمان یەكگرتوو و یەكڕیز بێت بۆ هەموو ئەگەرێك كە رووبەڕوومان دەبێتەوە".

   



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure