پۆمپیۆ: پێویستە عێراق ئاوەدان بكرێتەوە

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 207‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش دەكات چەکدارە بیانییەکانی ئەو ڕێکخراوە وەربگرنەوە.

مایک پۆمپیۆ داواشدەكات، یارمەتی عێراق بدرێت لە دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە و سوریای هاوسێی کە بەهۆی جەنگەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

پۆمپیۆ لە لێدوانێکدا لەسەروبەندی دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە وتی: "پێویستە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش ئەو چەکدارانەی دەستبەسەرن و بیاین وەربگرنەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن لەسەر ئەو کارە خراپانەی ئەنجامیان داوە."

جێی ئاماژەیە هێشتا نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش و هەزاران کەس لە خێزانەکانیان لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەستبەسەر کراون و هێزە کوردییەکانی سوریا پاسەوانیی کەمپەکان دەکەن. 

ماوەیەكی زۆرە ئیدارەی واشنتۆن فشار دەخاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا تاوەکو داعشەزیندانیكراوەكانی خۆیان، وەربگرنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوروپا ئەو کارەی نەکردووە.

پۆمپیۆ داواشی لە هاوپەیمانان کرد یارمەتی دووبارە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق و کار ئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەر بكرێت. 

وتیشی: "لەم جۆرە یارمەتییانە دەبێت باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاش بێبەش نەكرێت و هاوكاری بیانگرێتەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure