کێبڕکێی کۆمپانیاکان نرخی مۆبایلی دابەزاندووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 488‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

کێبڕکێی بەرهەمهێنانی نوێترین جۆری مۆبایلەکان و پێشخستنی تایبەتمەندی نوێ لە مۆبایلە زیرەکەکان نرخی مۆبایلی دابەزاند بەجۆرێک ئێستا هەر مۆبایلێکی ئەندرۆید 20 دۆلار دابەزیوە، مۆبایلەکانی ئایفۆنیش 30 دۆلار دابەزیوە.

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەک سامسۆنگ و هواوی کێبڕکێیەکی سەرسەختی یەکترن لە بازاڕەکانی جیهان و تەنانەت هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک هەر یەکێک لەو دوو کۆمپانیایە لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 10جۆری نوێی مۆبایلیان بەرهەمهێناوە و خراوەتە بازاڕەکان.

هەرمان محەمەد، بریکاری مۆبایلەکانی هواوی و هۆنەر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بەبەراورد بە ساڵی ڕابوردوو ئەمساڵ نرخی مۆبایل زۆر دابەزیوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش کێبڕکێی نێوان هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و هواویە، هاوکات کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش ئەوەیە کاتێک نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ بەهەمان شێوە بەهۆی خستنە بازاڕی بابەتی نوێ جۆر و مۆدێلە کۆنەکان هەرزان دەبن.

هەرمان محەمەد، دەشڵێت: "تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ کۆمپانیای هواوی نزیکبووەوە لەوەی کە چۆک بە کۆمپانیای سامسۆنگ دابدات، چونکە مۆبایلی بە مواسەفات و هەرزان دەخاتە بازاڕ، بەڵام زیاتر لە 5 مانگە سامسۆنگ بە خستنە بازاڕی ژمارەیەک مۆبایلی هاوشێوەی هواوی توانی بگەڕێتەوە نێو کێبڕکێیەکە".

هەرمان، سەبارەت بە نرخی مۆبایلەکان دەڵێت: "ئێستا هەرزانترین مۆبایلی ئەندرۆید لە 70 دۆلار دەستپێدەکات و گرانترینیشی 950 دۆلارە".

ئیسماعیل ئەحمەد، بریکاری مۆبایلەکانی ئایفۆن لە هەولێر، بۆ دواڕۆژ باسی نرخ و فرۆشی ئایفۆن دەکات و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی ئایفۆن سیستەمی جیایە لەگەڵ ئەندرۆید و سیستەمی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە هەمیشە فرۆشی هەیە".

ئیسماعیل، دەشڵێت: "ئەوەی ڕاستی بێت بەشێک لە مۆبایلەکانی سیستەمی ئەندرۆید کە خراونەتە بازاڕ و نرخیان هەرزانە کاریگەری کردووەتە سەر فرۆشی مۆبایلەکانی ئایفۆن، بۆیە ئێمەش نرخی هەر مۆبایلێکی ئایفۆنمان زیاتر لە 30 دۆلار داشکاندووە".

ئەو بریکارەی ئایفۆن، دەشڵێت: "کیبڕکێکە زۆر گەرمبووە هەرگیز ئایفۆن بەوشێوەیە چۆکی دانەداوە، بەڵام خەڵکی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەدوای كاڵای باش و هەرزان دەگەڕێن، بۆیە ئێستا باوی کڕینی مۆبایلەکانی سیستەمی ئەندرۆیدە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی، بازرگانانی هەرێمی کوردستان ساڵانە بایی زیاتر لە ملیارێک دۆلار مۆبایل و کەرەستەکانی هاوردە دەکەن.

چەتۆ ساڵح، فرۆشیارێکی مۆبایلە لە بازاڕی ئیسکان لە هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانی ڕابوردوو پێش ئەوەی هواوی بێتە بازاڕ باو باوی سامسۆنگ و ئایفۆن بوو هەردوو کۆمپانیاکەش مۆبایلەکانیان گران بوون، بەڵام ئێستا هواوی وایکردووە ئەوانیش داشکاندن لە مۆبایلەکانیان بکەن.

چەتۆ، دەشڵێت: "ئێستا لای من زۆرترین خواست لەسەر مۆبایلی ئەندرۆیدە و پڕفرۆشترینیش هواوی و هۆنەرە، چونکە هەم هەرزانە و هەم پێشکەوتووە، بۆیە ڕۆژانە ئەگەر 10 مۆبایل بفرۆشم بەدڵنیایی 7 ی هواوییە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure