لێدوانی قوباد تاڵەبانی سەبارەت بەموچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 34193‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەمیشە وتویانە مووچەی فەرمانبەران نافەوتێت، كە پڕۆژەی چاكسازی بەردەوام بێت، شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانیش دەدرێت، بۆ گفتوگۆی هەرێم و بەغدادیش دەڵێت : "هەست دەكەم پەیوەندییەكان دەستپێكراونەتەوە، پەیوەندی تەلەفۆنی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا هەیە و هیوادارم بگەینە ئەنجامێك بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق لەبەرژەوەندی خەڵكی عێراق و كوردستان بێت".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەمی 2019) دوای بەشداریكردنی لەمەراسیمی چلەی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند: لیژنەی حكومەتی هەرێم بۆ پڕۆژە یاسای چاكسازی كارەكانی دەكات و هەنگاوەكان باش دەڕۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە گفتوگۆی پەرلەمانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، چونكە دەمانەوێت ئەم پڕۆژە یاسایە بەشێوەیەكی تۆكمە بڕواتە پەرلەمان و یەكلایی بكرێتەوە.

سەبارەت بەگفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ چارەسەری كێشەكان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد :"گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداد باش دەڕۆیشتن و چەند لیژنەیەكی باشمان پێكهێنابوو، بەڵام بەم گرژییانەی لەبەغداد دروستبووە سستییەك كەوتە ئەو گفتوگۆیانە، بەحوكمی ئەوەی بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق بەم دۆخەوە سەرقاڵ بوون".

قوباد تاڵەبانی وتیشی :"بەڵام هەست دەكەم پەیوەندییەكان دەستپێكراونەتەوە، پەیوەندی تەلەفۆنی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا هەیە و هیوادارم بگەینە ئەنجامێك بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق لەبەرژەوەندی خەڵكی عێراق و كوردستان بێت".

دەربارەی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانیش كە چەند ساڵێكە ئامادە نەكراوە، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رونیكردەوە :"لەو باوەڕەدام كوردستان پێویستی بەپڕۆژە یاسای بودجەی خۆی هەیە، ئێمە لەدۆخێكی زۆر قەیراناوی بووین كە نەیدەهێشت پڕۆژە یاسامان هەبێت، پێموایە هاوتەریب لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجەی عێراق، ئێمەش هی خۆمان هەبێت".

قوباد تاڵەبانی وتیشی :"دەبێت واقیعبینیش بین ئەگەر ئێمە سەرچاوەی داهاتمان روون نەبێت كە بەشێكی زۆری لەحكومەتی ناوەندییەوە دێت ئەگەر ئەو بەرچاوڕونییەمان نەبێت ناتوانین بودجەیەكی باشمان هەبێت، رەنگە بەتەخمینی بتوانین داینێن، بەڵام تا بودجەی عێراق و پشكی كوردستان یەكلایی نەبێت رەنگە قورس بێت دیاریكردنی بودجەی خۆمان".

بۆ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی كوردستان، قوباد تاڵەبانی دەڵێت :"ئێمە هەمیشە وتومانە مووچەی هیچ فەرمانبەرێك نافەوتێت، بەردەوامین لەپڕۆسەی چاكسازی خۆمان كە هەموو بوارەكانی تێدایە، كە پڕۆژەی چاكسازیمان بەردەوام بێت شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانیش دەدرێت".

پ: ر.ف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure