زۆرینەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەهەولێر هێشتا كێشەی تەواو نەكردنیان هەیە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 226‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، فەرمان ڕەشاد

لەكۆی 87 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر تاكو ئێستا تەنها 38 پڕۆژە تەواو كراون، زۆرینەی پڕۆژەكانیش لەلایەن وەبەرهێنەرانی خۆماڵی دروستكراون و تەنها 7 پڕۆژە لەلایەن وەبەرهێنەرانی دەرەكی و سێ پڕۆژەش بەهاوبەشی وەبەرهێنەرانی خۆماڵی و دەرەكی ئەنجامدراون.


دەرچوونی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2006  كە بە یاسای وەبەرهێنان ناسراوە، دەرگایەكی گەورەی بەڕووی وەبەرهێنان كردەوە لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی وەبەرهێنان كە نیشتەجێبوون پشكی شێری بەركەوت لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەست بەجێبەجێكردنیان كرا، كە بەگوێرەی داتایەكی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەولێر تەنها لە هەولێر تاكۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری 2019  رێژەی (87) پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر بە گوژمەی 10,998,112,963 دە ملیار و نۆسەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و سەد و دوازدە هەزار و نۆسەد و شەست و سێ دۆلاری ئەمریكی  جێبەجێكراون، كە ژمارەی كۆی یەكەكانی نیشتەجێبوونی 87,410 یەكەیە، كە 8,535 یەكە لە چوارچێوەی سندوقی نیشتەجێبوون دروستكراون و ئەوی تریش لە دەرەوەی سندوقەكەیە.
 
راكێشانی سەرمایەی بیانی
 
ئەگەرچی بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان ئامانج لە دەركردنی یاساكە راكێشانی وەبەرهێنەری بیانییە، بەڵام بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان لەسەر داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەولێر تایبەت بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەردەكەوێت زۆرینەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەلایەن وەبەرهێنەری خۆماڵی ئەنجامدراون نەك دەرەكی، بۆ نمونە لە كۆی ئەو 87 پڕۆژەیەی نیشتەجێبوون لە هەولێر تەنها 7 پڕۆژە بە سەرمایەی دەرەكی جێبەجێكراون، بەگوژمەی 689،512،508 شەشسەد و هەشتا و نۆ ملیۆن و پێنجسەد و دوازدە هەزار و پێنجسەد و هەشت دۆلاری ئەمریكی، هەروەها ژمارەی یەكەكانیشیان بریتین لە 9،960 یەكەی نیشتەجێبوون، ئەو پرۆژانەشی كە بەهاوبەشی لەنێوان وەبەرهێنەرە خۆماڵییەكان و دەرەكی ئەنجامدراون سێ پڕۆژەیە، بە گوژمەی 523،132،266 پێنجسەد و بیست و سێ ملیۆن و سەد و سی و دوو هەزار و دوو سەد و شەست و شەش دۆلاری ئەمریكی و ژمارەی یەكەكانی 6،999 شەش هەزار و نۆسەد و نەوەد و نۆ یەكەی نیشتەجێبوونە.
بەو پێیەش بێت پشكی شێر لە وەبەرهێنان بەر وەبەرهێنەری خۆماڵی دەكەوێت و یاساكە نەبۆتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەری دەرەكی بۆ كوردستان ڕابكێشێت.
 
پڕۆژە تەواونەكراوەكانی وەبەرهێنان
 
بەگوێرەی داتاكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان كە دەست دواڕۆژ كەوتووە لە كۆی ئەو 87 پڕۆژەیەی نیشتەجێبوون كە لەسەر رووبەری 2,719,556,658 دوو ملیار و حەوتسەد نۆزدە ملیۆن و پێنجسەد و پەنجا و شەش هەزار و شەشسەد و پەنجا و هەشت دۆنم زەوی دروستكراون، تەنها 38 پڕۆژە تەواو بووە، بەڵام بەشی زۆری بەشە بازرگانییەكان و خزمەتگوزارییەكانیان هێشتا تەواو نەبووە، ئەوە جگە لەوەی 49 پڕۆژەی تر هێشتا كاركردن تیایاندا تەواو نەبووە، كە كۆی یەكەكانیان 52,892 یەكەیە، بەجۆرێك هەشت پڕۆژە هێشتا كاركردن تیایاندا دەستی پێنەكردووە، یازدە پڕۆژەی تریش كاركردن تیایاندا وەستاوە و ئەوانی تریش كاركردن تیایاندا بەردەوامە.
 
پڕۆژە بەجێهێڵراوەكانی وەبەرهێنان
 
یەكێك لە گرفتی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون بریتییە لە بەجێهێشتنی پڕۆژەكان لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە، بۆیە دەستەی وەبەرهێنان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بریاریداوە پڕۆژەكان بداتە وەبەرهێنەری تر، لە ئێستادا پڕۆژەی فلۆریا سیتی و مەم و زین دراون بە وەبەرهێنەری تر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەولێر لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی سێ پڕۆژەی ترە كە بریتین لە لەپڕۆژەكانی (دەشتی بەهەشت، كانا ئەڵمانی، كۆیەستی) كە وێڕای گرتنبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان تائێستاش وەبەرهێنەرەكان دەستگیرنەكراون.
 
كێشەی چارەسەریەكانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبون
 
بەرنامەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پڕۆژە تەواو نەكراوەكان، وەك رایانگەیاندووە بە پشتبەستن دەبێت بە مادەی (9)ی یاسای وەبەرهێنان، كە دوبارە دۆخی پڕۆژە تەواو نەكراوەكە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و خەمڵاندنی بۆ دەكرێت دواتر دەدرێتە وەبەرهێنەرێكی تر، ئەو وەبەرهێنەرەشی كە پڕۆژەكەی جێهێشتوە دەدرێتە دادگا.

تا ئێستاش چەندین كەیسی تەواو نەبووی ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون لە دادگاكان هەن، تەنها فەرمانگەی داواكاری گشتی هەولێر 41 كەیسی لە دادگا دژ بەو خاوەن پرۆژانەی نیشتەجێبوون تۆماركردووە.
 
پڕۆژەی شاری مەم و زین، یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە دوای تەواوكردنی رێژەی 30% پڕۆژەكە لەلایەن وەبەرهێنەرەكەوە دوای وەرگرتنی 90% پارە لە بەشداربوان پڕۆژەكەی جێهێشتووە، ئێستا دەستەی وەبەرهێنان بۆ تەواو كردنی پڕۆژەكە لەگەڵ گرێبەستی تر رێكەوتنی كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە تەواو بكرێت. رێكەوتنەكە بەو شێوەیەی خوارەوە بووە:

یەكەم: لایەنی وەبەرهێنەر پڕۆژەكە تەواو دەكات، بەڵام تەنها ئەو پارەیەی ماوە كە 10% لە بەشداربوان وەردەگرێت.
دووەم: دەستەی وەبەرهێنان پانتایی رووبەری تەرخانكراو بۆ وەبەرهێنەری نوێ زیاد دەكات بۆ ئەوەی یەكەی تری لەسەر دروستبكات و قەرەبووی زیانەكانی بۆ بكاتەوە.
سێیەم: بەناوكردنی زەوییە بازرگانییەكان بۆ وەبەرهێنەر بەشێوەیەكی خێرا.
 
شارەزایان پێیان وایە كێشەی ئەو چارەسەرە لەوەیە كە باجی شكستی ئەو پرۆژانە خەڵك دەیدات، بەو پێیەی ئەو زەویانە موڵك و ماڵی گشتین و بەو وەبەرهێنەرە نوێیانە دەدرێن، لە قەرەبوی ئەوەی پڕۆژە بەجێماوەكان تەواو دەكەن، بۆیە گرنگە بە پلەی یەكەم وەبەرهێنەرە شكستخواردوەكان باجی تەواونەبونی پڕۆژەكان بدەن، هاوكات پێویستە لەكاتی قەرەبوی وەبەرهێنەرە نوێیەكان دەستكاری سایت پلانی پڕۆژەكان نەكرێت، بەشێوەیەك شوێنەكانی سەوزایی و خزمەتگوزاری بكرێنە یەكەی نیشتەجێبوون.
 
تەواونەكردنی بەشی خزمەتگوزارییەكانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون
 
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون تەواو نەكردنی بەشە خزمەتگوزارییەكانی ئەو پرۆژانەن كە تەواو كراون، بەجۆرێك لە كۆی 46  قوتابخانە كە پێویست بوو لەو پرۆژانە دروستبكرێن، تەنها 9 قۆتابخانە دروستكراون. هەروەها لە كۆی 45 بنكەی تەندروستی تەنها 7 بنكە دروستكراون، لە كۆی 46 باخچەی ساوایان و دایانگە تەنها 9 دانە دروستكراون. لە كۆی 62 شوێنی بازرگانی تەنها 11 دانە دروستكراون.

ئەوە جگە لەوەی كە بەهۆی نزمیی كوالیتی پڕۆژەكان لەبەشێكیان كێشەی تێكچوونی شەقام و باخچە و تەنانەت خانوەكانیش دروستبووە، هاوكات بەشێكیان بەو پێیەی لەلایەن حكومەتەوە وەرنەگیراون هێشتا وەك پێویست خزمەتگوزارییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبایان بۆ دابین نەكراوە.

دەستكاریكردنی سایت پلانی پڕۆژەكان
 
كێشەیەكی تری زۆرینەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەستكاریكردنی سایت پلانی پڕۆژەكان و نەخشەی پڕۆژەكەیە، ئەویش بەمەبەستی قازانج زۆرینەی جار شوێنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەگۆڕدرێت بۆ یەكەی نیشتەجێبوون یان شوێنی تری بازرگانی، بەجۆرێك 52 پڕۆژەی هەولێر دەستكاری سایت پلانی پڕۆژەكانیان كراوە.
 
چارەسەرییەكان بۆ ئاییندە
 
ئەگەرچی بەگوێرەی دوایین لێدوانی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە 4ی تشیرینی دووەمی 2019 لە كاتی خوێندنەوەی كارنامەكەی وتی: "ئەوان بۆ قۆناغی داهاتوو هانی وەبەرهێنەران نادەن لە هەولێر لە بواری پڕۆژەی نیشتەجێبوون سەرمایە بەگەڕبخەن، بەڵام شارەزایانی بواری یاسایی پێیان وایە دەبێت یاسای وەبەرهێنان و رێنماییەكانی دەستەی وەبەرهێنان توندتر بكرێن بەجۆرێك كە بۆشایی ئەوە نەمێنێت كە وەبەرهێنەران بتوانن مافی بەشدارانی پڕۆژەكان پێشێل بكەن، بۆ ئەوەش پێیان وایە پێویستە دەقی سزایی هەبێت بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی پابەندی ناوەرٍۆكی گرێبەستەكان نابن، هەروەها هەر گرێبەستێك كە لەنێوان وەبەرهێنەر و بەشدارانی پڕۆژەكان دەكرێت پێویستە بەدەستەی وەبەرهێنان تێپەرێت. 

هەروەها توندكردنی سزا بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی كە دەستكاری سایت پلانی پڕۆژەكان دەكەن لەپێناو زیاتركردنی قازانج بۆخۆیان.

هەروەك چۆن پێویستە لە هەرێم كار بۆ دروستكردنی دەستەی نیشتەجێبوون بكرێت كە بەرپرس بێت لە ئەنجامدانی رووپێو بۆ ئەوەی بزانرێت كوێ پێویستی بە دروستكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەیە، لەسەر بنچینەی پێویستی مۆڵەت بدرێت نەوەك وەك ئێستا بەشێوەی هەڕەمەكی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure