"ئەگەر چارەسەری كێشەی پێكهاتەكان نەكرێت، داعش بەناوێكی تر دروستدەبێتەوە"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 329‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، داعش وەك خەلافەت و هێز كۆتایی هاتووە، بەڵام ئەگەر چارەسەری كێشەی پێكهاتەكانی عێراق و سوریا نەكرێت، بەناوێكی دیكە دروستدەبێتەوە.


محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: داعش هەندێك لەوڵاتە دەسەڵاتدارەكان دروستیان كردووە و ئەگەر بیانەوێت ئەوان دروستی دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی ناوی دەوڵەتی ئیسلامی بوو و هێزی هەبوو و خەلافەتی دروستكرد بەناوی داعش كۆتایی هات، ئەوەی ئێستا باسی هاتنەوەی داعش دەكات هەندێكیان لەترسی ئەوەیە ئەمەریكا جێی نەهێڵێت و نەڕوات، هەندێكی دیكەشی ئەو ئیمكانیەتەی لەلایەن وڵاتانەوە بەهۆی داعشەوە بۆی دێت بەردەوام بێت.

ناوبراو روونیكردەوە: داعشێك بەو هێزە گەورەیەوە كە لە 40%ی خاكی عێراق و 50%ی خاكی سوریای بەدەستەوە بوو، بەڵام ئێستا جێپێ و شوێنی نەماوە، تازە سێ كەس یان چوار كەس لێرە و لەوێ چییان پێدەكرێت، پێموانییە داعش بتوانێت ببێتەوە بەهێزەكەی جاران.

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست وتیشی: "بەڵام رەنگە ئەگەر مەسەلە سیاسییەكان لەعێراق و سوریادا چارەسەری كێشەی پێكهاتەكان نەكرێت، بەناوێكی دیكەوە دروست دەبێتەوە، چونكە داعش سەرەتا قاعیدە بوو، پاشان بووە بەرەی نوسرە و چەند ناوێكی دیكە، واتە فیكرەكە نافەوتێت، بەڵام فیكرەكە هەر جارێك لەسەر مەسەلە سیاسییەكان دێتە ناو كایەكان".

لێدوانی محەمەدی حاجی مەحمود لەكاتێكدایە مانگی رابوردوو لەئۆپراسیۆنێكی تایبەتی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش كوژرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure