چیرۆكى ئه‌و كچه‌ كورده‌ى كه‌ پزیشكێك داواى سێكسى لێ كردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 8501‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك


ئیمان عیدۆ، له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵی، له‌ گوندی حه‌ردان له‌ قه‌زای شه‌نگال، رۆژی 3-ئابی 2014، كه‌وته‌ ده‌ست داعش. ئیمان ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگەی شاریا له‌ پارێزگای دهۆك ده‌ژی، ئه‌و چیرۆكی خۆی لەبنده‌ستی داعش بۆ دواڕۆژ گێڕایه‌وه‌ و وتی: "چه‌كداره‌كانی داعش ته‌مه‌نی منیان لەبه‌رچاو نه‌گرت و له‌ 9 ساڵیدا ده‌ستدرێژی سێكسییان كرده‌ سه‌رم".

رفاندنی ئیمان 
ئیمان باسی یه‌كه‌م رۆژی رفاندنی خۆی كر د و وتی: "من و داپیره‌ی گه‌وره‌ی خۆم، له‌گه‌ڵ خێزانی مامم و چه‌ندین كه‌سوكاری دیكه‌ و دراوسێكانی ئێمه‌ كه‌وتینه‌ ده‌ست داعش، له‌وكاته‌دا زۆر ترسام، چونكه‌ مرۆڤی وه‌ك داعش ناشرین و به‌ترسم نه‌بینیبوو، ئه‌و كاته‌ش هه‌رگیز به‌بیرم ناچێت كاتێك داعش ده‌ستی برا و مام و ئامۆزاكانی منی به‌ستەوە و له‌ئێمه‌ی دوورخستەوە.

"داعش ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌رم"
ئه‌و كاته‌ من بچووك بووم، ته‌مه‌نم ته‌نیا 9 ساڵ بوو، داعش فێری نوێژ و خوێندنی قورئانی ده‌كردم، كتێبی عه‌قیدەیی‌ و جیهادی بۆ ئێمه‌ هێنابوو ئێمەی‌ ناچار كرد ئه‌و كتێبانه‌ بخوێنێنەوە، ته‌مه‌نی ئه‌و داعشانه‌ نزیكه‌ی 40 ساڵ بوو، ئه‌وان زۆر دڕنده‌بوون، له‌به‌رچاوی ئێمه‌ ده‌ستدرێژییان ده‌كرده‌ سه‌ر كچان و ژنانی ئێزدی، گوێیان به‌ ئێمه‌ نه‌ئه‌دا، بۆیه‌ من تووشی سه‌رسوڕمان ببووم، هه‌موو كاتێك ئه‌و پرسیاره‌م بۆ دروست ئه‌بوو؛ بۆچی ئه‌مانه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی ناچن؟ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ رۆژێك چه‌كدارێكی داعش ده‌ستدرێی سێكسی كرده‌ سه‌ر من و گوێی به‌ ته‌مه‌نی بچووكی من نه‌دا، ئه‌و له‌سه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كانی خۆی به‌رده‌وامبوو هه‌ر كاتێك من پێم وتبا لێم نزیك مه‌به‌ من بچووكم، لێی ئه‌دام.

"پزیشكەكەی داعش"
ئیمان باسی هه‌ڵوێستی پزیشكێكی داعشی كرد و وتی: "به‌هۆی ده‌ستدرێژییه‌كانی چه‌كدارانی داعش تووشی ئازارێكی زۆر بووم، بۆیه‌ چه‌كداره‌كانی داعش منیان برده‌ لای پزیشكێك به‌ناوی ئیحسان، به‌ڵام له‌ جیاتی چاره‌سه‌ری ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر من، تووشی نه‌خۆشی بووم، بۆیه‌ پرسارم له‌و پزیشكه‌ كرد ئایا كاری تۆ مرۆڤایه‌تی نییه‌ بۆچی چاره‌سه‌م ناكه‌ی و ده‌ستدرێژی ده‌كه‌یه‌ سه‌ر من؟ ئه‌و وتی: "من به‌ مرۆڤایه‌تی كار ناكه‌م". منیش به‌و پزیشكه‌م وت؛ رۆژێك دێت منیش ده‌بمه‌ پزیشك ئه‌گه‌ر كوڕی تۆ هاته‌ لای من، من وه‌ك مرۆڤ چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌و ده‌كه‌م، ئه‌و پزیشكه‌ هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بوو".

"زمانی كوردیم ‌بیرم چۆوە"
ئیمان باسی ئه‌و رۆژه‌ سه‌ختانه‌ ئه‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ داعش بووه و‌ ده‌ڵێت: "به‌ تێپه‌ڕبوونی كات، زمانی كوردیم له‌بیر كرد و فێری زمانی عه‌ره‌بی و توركی بووم كه‌ زمانی ئه‌و داعشانه‌ بوو له‌گه‌ڵیان ئه‌ژیام". 


رزگاربوونی ئیمان له‌ ده‌ست داعش
دوای 3 ساڵ مانه‌وه‌ لەژێر ده‌ستی داعش، رۆژی 28-ئابی 2017، ئیمان له‌ ده‌ست داعش رزگاری بوو، ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌ ناحیه‌ی عیازییه‌ له‌ نزیك ته‌له‌عفه‌ر من و دوو كچی ئێزدی و كچێكی مه‌سیحی و كچكێی شیعه‌ له‌ ده‌ست داعش رزگاربووین و هاتینه‌ ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، دواتر داپیره‌ گه‌وره‌م و مامێكم و دوو كوڕی ئه‌و رزگارمانبوو‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا چاره‌نوسی برای من و چه‌ندین كه‌س له‌ خێزانی مام و خاڵه‌كانی من ئه‌وانه‌ی كه‌وتبوونه‌ ده‌ست داعش، دیار نییه‌".

ئێستا ئیمان عیدۆ، له‌گه‌ڵ خێزانی خۆی له‌ شارییا ده‌ژی، ئه‌و قوتابییه‌ و له‌ هه‌مانكاتدا ماركێتێكی بچوكیشی هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌ قوتابییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان وه‌ك خۆی باسیكرد ئه‌و واز له‌ خوێندن ناهێنێت تاوه‌كو ببێته‌‌ پزیشك و له‌ڕێگه‌ی كاری پزیشكی خزمه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تی و ئێزدییه‌كان بكات به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانی تاوانه‌ دڕنده‌كانی داعش.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure