پەیوەندی بەغدا و هەرێم زیانی بە کۆمپانیاکانی گەشتیاری گەیاندووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 301‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


دوو هەفتەی ڕابوردوو دەستەی گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "چوونی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا 70% کەمیکردووە، بەڵام ئێستا نەک هەر تورکیا، بەڵکو چوونی گەشتیاران بۆ سەرجەم وڵاتان کەمیکردووە، هۆکارە سەرەکییەکەش وەک خاوەن کۆمپانیا گەشتیاری و گەشتیارانیش باسیدەکەن ترسی دووبارەبوونەوەی پچڕانی پەیوەندی هەرێم و بەغدا و قەیرانی داراییە".

هەرچەندە گۆڕانکاری لە وەرز و هاتنی وەرزی زستان هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی گەشتیار بۆ تورکیا و ئێران، ئەو وڵاتانەی کە لە وەرزی هاوین گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، بەڵام ئێستا کە وەرزی گەشتکردنە بۆ دوبەی، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابوردوو ئەمساڵ وشکەساڵییە، چوونی گەشتیاران بۆ دوبەی 80% کەمبووەتەوە.

بەیار هەناری، خاوەنی کۆمپانیای بسفۆرس لاین بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەمساڵ چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتان بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە، هۆکارەکەش دیارە كە خەڵک هێشتا لەو قەیرانە ڕزگاری نەبووە و دەترسێ پەیوەندی هەرێم و بەغدا تێکچێتەوە، بۆیە ناوێرن پارە خەرجبکەن".

بەیار هەناری، دەشڵێت: "بەبەراورد بە ساڵی ڕابوردوو ئەمساڵ تەواو گروپات و تکتی هێڵەکانیش نرخیان دابەزیوە ئینجا ئەو خواستە نییە کە پێشتر هەبوو، بۆ نموونە ئێستا وەرزی گەشتکردنە بۆ دوبەی، بەڵام بەبەراورد بەساڵی ڕابوردوو ئەمساڵ لە هەولێر و سلێمانی نرخی تکتی چوون و هاتن بۆ دوبەی لە 550 دۆلارەوە بۆ 300 دۆلار دابەزیوە".

سەبارەت بە ڕێژەی چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتان بەیار هەناری دەڵێت: "چوونی گەشتیاران ئێستا بۆ وڵاتان بەتایبەت تورکیا و هەندێ لەو وڵاتانەی ئێستا ساردن زۆر کەمبووەتەوە تەنیا ئەو کەسانە دەچن کە کار و کاسبیان لەوێیە، بەڵام ئێستا وەرزی چوون بۆ دوبەیە و بەراورد بە ساڵی ڕابوردوو 80% کەمبووەتەوە.

فەرهاد محەمەد، خاوەنی کۆمپانیای سەیر و سەفەر، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەبەراورد بە ساڵی ڕابوردوو بازاڕی ئێمە بەرەوخراپی دەڕوات کەمترین گەشتیار ڕوومان تێدەکات".

فەرهاد، کە ئەمساڵ بە ساڵی وشکەساڵی هەژماردەکات بۆ گەشتکردنی خەڵک بۆ وڵاتان، دەشڵێت: "دەبوو ئێستا زۆرترین ڕێژەی گەشتیاران بچنە دوبەی، بەڵام بەڕاستی بارودۆخی سیاسی ڕێگرە وایکردووە خەڵک بەترسەوە پارە خەرج بکات".

فەرهاد، باس لەوەشدەکات "زۆربوونی ڕێژەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری کاریگەری هەیە لەسەر کارەکەمان، چونکە کێبڕکێی زۆر دروستبووە ئەوەش وایکردووە کە نرخەکان کۆنتڕۆڵنەکرێن و کەمترین قازانجمان بۆ دەمێنێتەوە".

موخلیس مامەند، ڕێبەری کۆمپانیای گەشتیارییە لە سلێمانی و هەولێر گەشتیاران بۆ دوبەی دەبات بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانە چەندین گەشتم کردووە بۆ دوبەی بەتایبەت لە مانگەکانی 10 و 11،12 گروپاتی گەشتیاری لەگەڵ خۆم دەبەم، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا یەک گەشتم کردووە".

موخلیس، دەشڵێت: "نرخی گروپاتی گەشتیاری بۆ دوبەی ساڵانی ڕابوردوو لە 700 دۆلار کەمتر نەبوو، بەڵام ئێستا بووەتە 550 بۆ 600 دۆلار هێشتا هیچ کەسێک لای لێناکاتەوە".

سەبارەت بە هۆکارەکەی هاوشێوەی کۆمپانیاکان ئەو ڕێبەرەش دەڵێت: "بارودۆخی دارایی حکومەت و خەڵک زۆر کاریگەری دروستکردووە لەسەر کارەکەی ئێمە، بۆیە هیوادارین بەزووترین کات هەرێم و بەغدا ڕێککەون".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure